لەهیچ شوێنێک ئەوە نەکراوە
شارەوانى گەرمک ئاوەڕۆى گەیاندە ئەو پارچە زەویەنەى دەدرێن بە فەرمانبەران
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
سەرۆکایەتی شارەوانی گەرمک نەیهێشت ئەو زەویانەی کە بۆ فەرمانبەران دیاریکراوە دابەشبکرێت هەتا ئەو کاتەى وەک یەکەم شارەوانى خزمەتگوزارى گەیاندە شوێنەکە و ئاوەڕۆیى لولەیى بۆ دانان.
سەروەر شێخ عەبدوڵا، سەرۆکی شارەوانی گەرمک بە 964ـى راگەیاند، لەسەر داهاتی 100%ـى شارەوانی گەرمک پرۆژەی ئاوەڕۆی لولەییان بە بری 37 ملیۆن دینار ئەنجامداوە بۆ ئەو زەویانەی کە بۆ فەرمانبەرن دیاریکراون.
وتیشی،”وەک یەکەم شارەوانی لەسەر ئاستی کوردستان پرۆژەمان گەیاندە زەوی فەرمانبەران و دابینکردنی پارەی پرۆژەکەش لەسەر فرۆشتنی زەوی شارەوانی بووە”.
پڕۆژە خزمەتگوزارییەکە پێکدێت لە ئاوەڕۆى سەرەکى، بەوتەى سەرۆکى شارەوانى گەرمکیش ئاوەڕۆى هەموو ماڵەکان جیادەکەنەوە، ئەوەش بۆ ئەوەى لەکاتى دروستکردنى خانوو لەسەر ئەو پارچە زەویانە، پێویست نەکات خاوەنەکەى دوو جار زەوى هەڵبکەنێت بۆ ئاوەڕۆ.
ئاماژەى بەوەشکرد، زەوییەکان هەموو شتێکیان تەواو بووە، تەنیا ئەوەماوە بدرێن بە فەرمانبەران و لە داهاتووشدا پڕۆژەى دیکەیان پێدەگەیەنن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح