لیژنەیەکی قایمقامیەتی هەڵەبجە عەلوەی شارەکەی بەسەرکردەوە – وێنە؛ قایمقامیەتی هەڵەبجە
بڕیاری قایمقامە و وانەکەن رووبەڕووی یاسا دەبنەوە
کاسبکارانی عەلوەی هەڵەبجە دەبێ کاتژمێر پێنجی بەرەبەیان بچنەسەر کارەکانیان
964+
شۆڕش قادری
بۆ لەمەودوا کاسبکارانی عەلوەی هەڵەبجە بۆیان نییە بە کەیفی خۆیان شوێنەکانیان بکەنەوە و دایبخەن، دەبێ لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیان بچنەسەر کارەکانیان تا کاتژمێر 8:30 خولەکی ئێوارە، ئەگەرنا رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
ئاشنا عەبدوڵا سەرۆکی لیژنەی عەلوە لە قایمقامیەتی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “سەردانی عەلوەی هاوچەرخی شارەکەمان کرد بە مەبەستی ئاگاداربوون لە کار و چالاکییەکانی خاوەن نوسینگەکان، لە سەردانەکەدا رێنماییمان دا بە خاوەن نوسینگەکان و کاسبکارانی عەلوە سەبارەت بەوەی، کە کردنەوەی عەلوەی هاوچەرخ دەبێت لە کاتژمێر 5ـی بەیانی بکرێتەوە بۆ کاتژمێر 8:30 خولەکی ئێوارە”.
“ئەمە بڕیاری قایمقامی هەڵەبجەیە و داوا لە شوێنکارەکان دەکەین جێبەجێی بکەن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاساییان دەکەینەوە”، ئاشنا عەبدوڵا وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە لەسەر داواکاری زۆربەی خاوەن نوسینگەکانی عەلوەی هاوچەرخی هەڵەبجە دەرکراوە.
ئاشنا عەبدوڵا زیاتر روونیکردەوە و وتی، عەلوەی هاوچەرخی هەڵەبجە 10 نوسینگەی تێدایە و پێشتر لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیانەوە دەکرایەوە بۆ 12ـی شەو، بەڵام زۆربەی خاوەن نوسینگەکەیان داوایەکیان ئاڕاستەی قایمقام کرد بۆ کەمکردنەوەی کاتەکە و داواکارییەکەیان جێبەجێ کرا.