ئاوارەکان بێ پارە دەبن

رێکخراوەکان هاوکارییەکانیان رادەگرن

کەمپی ئاوارەکانی دهۆک – میدیازان

میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک

 گرێبەستی سەدا ٧٠ی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە پارێزگای دهۆک بۆ هاوکاریی ئاوارەکان تەواو بووە، بە وتەی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران.

 ئەو هۆکارە وایکردووە، چیتر رێکخراوەکان هاوکارییەکانیان نەنێرن، ئەوەش بووەتە هۆی خراپبوونی بارودۆخی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆک و دەوروبەری.

  دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک بۆ میدیازانی باسکرد، رێکخراوەکانی سەر بە پرۆگرامی خواردنی جیهانی (WFP) لە مانگی تەمموزی ئەمساڵەوە دابەشکردنی پارەیان لەجیاتی کەلوپەل راگرتووە، جارێ دیارنییە کە ئایا بۆ ساڵی ئاییندە گرێبەستەکەی نوێ دەکەنەوە یان نا.

 بە وتەی دیانا، بڕی پارە و بودجەی بەردەست بەشی هەموو ئاوارەکان ناکات، هەربۆیە تەنیا دەدرێتە ئەو ئاوارانەی دۆخی ژیانیان قورسە کە ئەوەش تەنیا سەتا ٢٠یان دەگرێتەوه.

 خدر ئەلیاس، تەمەن ٤٤ ساڵ، خەڵکی گوندی تل بەناتە سەر بە قەزای شەنگال، خاوەنی هەشت منداڵە، بڕینی پارە کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی دروستکردووە.

 ئەو بە میدیازانی وت، “لە تەمموزی ئەمساڵەوە تا ئێستا یەک دینارمان وەرنەگرتووە، ئەو بڕە پارەیە مانگانە بۆ هەرکەسێک لەنێوان ١٠ تا ٢٠ هەزار دینار بوو، بەشی پێداویستی ژیانی رۆژانەی ئێمەی دەکرد”.

 فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک دەڵێت، لە هەوڵدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان شوێنگرەوەیەک بۆ بڕینی پارەی ئاوارەکان بدۆزێتەوە.