پۆلیسن
ئەو فەوجەى بڕیاربوو بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان پێکبهێنرێت سەرى نەگرت
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
ئەو فەوجە 500 کەسییەى بڕیاربوو بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان دروست بکرێت و شوێنى سوپاى عێراق بگرێتەوە، سەرى نەگرت.
دواى گرژییەکەى مانگى شوباتى نێوان جوتیارانى کورد و سوپاى عێراق، پارێزگارى کەرکوک رەزامەندى سەرۆک وەزیرانى وەرگرت بۆ پێکهێنانى فەوجێکى 500 کەسى بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان تا شوێنى سوپاى عێراق بگرنەوە.
عەبدوڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە 964ـى وت، “بڕیاربوو ئەو فەوجە دامەزراندنى بۆ نەکرێت، بەڵکو لەو پۆلیسانە پێکبهێنرێت کە لە بنکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى سنوورەکەن، بەڵام فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک پێى وتین ساڵانێکە دامەزراندن بۆ سلکى پۆلیس نەکراوە، دەیان پۆلیسیش کوژراون یان دەستیان لەکار هەڵگرتووە، بۆیە پۆلیسمان نییە بۆ پێکهێنانى ئەو فەوجە”.
وتیشى، “فەرماندەى پۆلیس دڵنیایى داوە کە ناتوانن فەوجێکى 500 کەسى پێکبهێنن، چونکە ئەگەر ئەو پۆلیسانە بنێرن کەسیان نامێنێت لە بنکە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆیە بڕیارەکە نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە”.
لە ماوەى رابردوو، بە دیاریکراوى لە 17ـى شوباتى 2025، لە گوندى شەناغە، رووبەڕووبونەوە لە نێوان سوپاى عێراق و جوتیارانى کورد دروست بوو.
جوتیارانى کورد پێیانوایە سوپاى عێراق بێلایەن نەبووە و دژى جوتیاران وەستاوەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح