پڕۆژەیەک
پلانی پاراستنی شاخی گۆیژە پێشكەش بە حكومەتی هەرێم كراوە
964+
محەمەد فاتیح
بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەیەک پێشكەش بە حكومەتی هەرێم كراوە بۆ پاراستنی شاخی گۆیژەی سلێمانی لە سووتان.
بەختیار ئەحمەد سەرۆكی رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO پڕۆژەكەی بۆ 964 روونكردەوە و وتی لەلایەن رێخكراوەكەیانەوە پلانی پاراستنی شاخی گۆیژەی لە سووتان پێشکەش بە حكومەتی هەرێمى كوردستان كراوە و راسپاردەی تەواوی تێدایە، تا لایەنە حکومییەکان بیگرنەبەر بۆ پارێزگاری لە شاخی گۆیژە لە سووتان و کەمکردنەوەی زیانەکان لە کاتی کەوتنەوەی ئاگر.
“پلانەكە بریتییە لە پاراستنی شاخی گۆیژە لە هەموو جۆرە ئاگرێکی مهبهستدار و بێ مهبهست و راهێنانی لایەنەکان تا لە حاڵەتی کەوتنەوەی ئاگردا زیانەکان بۆ کەمترین ئاست داببەزێن، بنیاتنانی توانای تیمهكانی پهیوهندیدار به شاخی گۆیژه له رووی ئامادهكاری بۆ كوژانهوهی ئاگركهوتنهوهكان بە زووترین كات، دروستكردنی ههماههنگی پێویست له نێوان لایهنه پهیوهندارهكان و دروستكردنی بۆردی پهیوهندییهكان تا بتوانن بریاری پێویست بۆ پاراستنی گۆیژە بدەن”، بەختیار ئەحمەد واى وت.
ئەو دەشڵێت پلانەكە بەرهەمی کاری پێکەوەیی لایەنە حکومییەکان، کەرتی تایبەت، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، ئەکادیمی و چالاکوانی بواری ژینگەیە، بڕیارە دوای پێداچوونەوە لەلایەن حکومەتەوە پەسەند بکرێت و کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت.
رۆژی 29.7.2024 ئاگر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی کەوتەوە و رووبەرێکی فراوانی گرتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 200 دۆنم دار و پوش و پەڵاشی شاخەکە سووتان.
پێشریش لە سەرەتای حوزەیران و ناوەڕاستی ئەیلولی ساڵی 2019 دوو جار ئاگر لە شاخی گوێژە کەوتەوە و بەهۆیەوە رووبەرێکی فراوانی دارستانەکانی شاخەکە سووتان.

