"بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر دەکەین"

 بۆری سەرەکی ئاوی خواردنەوەی ماڵان لە شارەزوور شکا

بڕوا مەجید – شارەزوور

ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ هەڵکردنەوەی ئاو لەسەرچاوەی ئاوەوە بۆ قەزای شارەزوور، یەکێک لە بۆرییەکان شکا و چەند گەڕەکێک بێ ئاو بوون.

رەمەزان عارف لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە کە یەکێك لە بۆرییە سەرەکییەکانی ئاوی ماڵان شکاوە، تیمەکانی دابەشکردنی ئاومان راسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر بکەن”.

وتیشی، بۆرییەکە پلاستیكە و ئاوی خواردنەوەی هەردوو گەڕەکی رزگاری و بەختیاری و چەند دامودەزگایەکی حکومی و کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور و پارکی نالی لەسەر ئەم بۆریەیە.

رەمەزان عارف هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکانەی دڵنیاکردەوە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کێشەکە چارەسەر دەکەن و ناهێڵن مەترسی بۆ پیسبونی سەرچاوەی ئاوەکەیان دروست ببێت.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری