لە هەرێمى کوردستان هیچ یاسایەک بۆ ئەوە نییە
کەسێک ستایشى بەعس و سەرکردەکانى بکات سزاکەى چییە؟
964+
وریا فەتاح
لە هەرێمى کوردستان تائێستا هیچ یاسایەک نییە، بۆ ئەو کەسانەى کە بانگەشە بۆ حزبى بەعس دەکەن، بەڵام لە عێراقدا یاسایەک هەیە کە لە هەرێم کارى پێناکرێت.
ناوە ناوە کەسێک بە تۆمەتى بانگەشەکردن بۆ بیرى بەعس، یان شوێنێک بە پیاهەڵدان بە حزبى بەعس تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام لە هەرێمى کوردستاندا هیچ یاسایەکى دیاریکراو نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەم حاڵەتە.
ئەوەى هەیە لە هەرێمى کوردستان، یاساى ژمارە 18ـى ساڵى 2003ـى یاساى دیاریکردنى چارەنوسى یاسایى بەرپرس و دەست و پێوەندەکانى رژێمى پێشووە.
ئەم یاسایەش تەنیا دەست و پێوەندەکانى حزبى بەعس دەگرێتەوە، واتا ئەو کەسانەى لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ حزبى بەعس و بەپیر لێبووردنە گشتییە دواى راپەڕینى ساڵى 1991ـەوە نەهاتوون.
بەپێى ئەم یاسایە، ئەو کەسانە بۆ ماوەى 15 ساڵ لەمانە بێبەش دەبن:
یەک: دەنگدان و خۆپاڵاوتن لە هەڵبژاردنە گشتییەکان و کۆمەڵە و سەندیکاکان.
دوو: لەئەستۆگرتنى وەزیفەى ئیدارى و سیاسیى.
سێ: چەکهەڵگرتن یان بەخاوەنبوونى چەک.
هەر بەپێى یاساکە ئەو کەسانە لەچەند ئیمتیازات و پۆست و مافێک بێبەش دەبن کە لە یاساکەدا روونکراوەتەوە.
لە عێراقدا پرسى بانگەشەکردن بۆ حیزبى بەعس و بەیاسا چارەسەرکراوە و کە بە یاساى قەدەغەکردنى حزبى بەعس ناسراوە و ئەنجومەنى نوێنەرتنى عێراق، لە 30.7.2016، پەسەند کرد.
بەپێی یاساكه، هەر كەسێک سیاسەتەكانی حیزبی بەعس پەیڕەو بكات بە 10 ساڵ زیندانیكردن سزادەدرێت، هەروەها ئەوانەشی تاوانیان لەنێو ئەو حیزبە كردووه، به زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزادەدرێن.
یاساکە نەک لەسەر ئاستى کەسى، بەڵکو هەموو ئەو حیزبانەش جێبەجێ دەكرێت، كە بیرۆكه و پەیامی سیاسییان هاوشێوەی بەعسە.
بەڵام ئەو یاسایە لە هەرێمى کوردستان کارى پێناکرێت، چونکە لە پەرلەمانى کوردستان ئینفاز نەکراوە، بۆ ئەوەش یاسایەکى عێراقى لە هەرێم کارى پێبکرێت دەبێت لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئینفاز بکرێت و بیخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە، جگە لە یاسا فیدڕاڵییەکان.
ئەگەر کەسێک یان شوێنێک ستایشى حیزبى بەعس بکات یان گۆرانى پشتگیرى حزبى بەعس لێبدات چۆن رووبەڕووى یاسا دەکرێتەوە؟
ئەمە پرسیارى 964 بوو بۆ ئومێد مەحمود، پارێزەر و یاساناس، ئەو لە وڵامدا بە 964ـى وت،”هیچ یاسایەک لە هەرێم نییە بۆ ئەوە و ناتوانى لەرووى یاساییەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت، لە رابردووش ئەگەر شوێنێک یان کافترایایەک وەک ئەوەى باس دەکرێت بەهۆى گۆرانى لێدان بۆ حزبى بەعس داخراوە، ئەوە رێکارى شارەوانى و بەرامبەر گیراوەتەبەر نەک یاسایەک هەبێت”.