ئایا پێویستە نیگەران بین؟
ڤایرۆسێکی نوێی هاوشێوەی كۆرۆنا لە چین بڵاوبووەتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی هەوکردنی سییەکانی مرۆڤ لە باکووری چین هەندێک هۆشداری لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەرزکردووەتەوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن مەترسی تووشبوون بە پەتایەکی دیکەی هاوشێوەی Covid کەمە، هەروەها دۆزینەوەی ئەم جۆرە ڤایرۆسانە بە مانای زیادبوونی جۆرەکانی ڤایرۆسەکە و مەترسییەکانیان نین، بەڵکو توانای گەشەسەندنی دەستنیشانکردنیان بەهۆی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیاوە زیاتر بووە.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە زاری شارەزایانەوە بڵاویکردەوە، زیادبوونی تووشبووانی ڤایرۆسە نوێیەكەی چین، كە هەوكردنی سییەكان دەگرێتەوە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ تەکنەلۆژیای نوێ کە بە ئاسانی ڤایرۆسەکە دەستنیشان دەکات و دەیناسێتەوە.
جاکلین ستیڤنز، خانمە دكتۆری باڵای تەندروستیی گشتی لە زانکۆی فلیندەرز لە ئوسترالیا رایگەیاند، نیشانەکانی ڤایرۆسی هەناسەدانی مرۆڤ (HMPV) هاوشێوەی سەرمابوون یان ئەنفلۆنزای ئاساییە و یەکێکە لەو ڤایرۆسە زۆرانەی کە زۆرجار لەژێر پێناسە فراوانەکەدا پۆلێن دەکرێن of common cold.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “کۆمەڵێک نەخۆشی دیکە هەن، کە نابێت وەك كۆڤید 19 رابگەیەندرێن، چونکە زۆر باون و زۆر کەس تووشی دەبن، وامان لێدەکەن بۆ چەند رۆژێک هەست بە ترس و تۆقاندن بکەین، بەڵام ئەگەر پشوو بدەین بۆ ماوەی چەند رۆژێک، چاكدەبینەوە”.
لای خۆیەوە، پرۆفیسۆر پۆڵ گریڤین، بەڕێوەبەری نەخۆشییە درمییەکان لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ماتەر لە بریسباین لە ئوسترالیا، وتی: ئاڵنگاری ئێستا ئەوەیە، ئێمە زۆر شت نییە کە بتوانین بیکەین جگە لە رۆشنبیركردنی خەڵک، كە هاوكاربن بۆ کەمکردنەوەی گواستنەوەی نەخۆشییەكە، چونكە هیچ ڤاکسینێک یان دژە ڤایرۆسێک نییە بۆ ئەمە، بەڵام هەندێک ڤاکسین هەن و لە قۆناغی پەرەپێداندان.
شارەزایان پێیان وایە کە ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤ، كە ئێستا لە باكووری چین بڵاوبووەتەوە، وەک Covid-19 نییە، بەو پێیەی چەند دەیەیەک هەیە و ئاستێکی بەرگری لە دانیشتوانی جیهاندا هەیە لە تووشبوونەکانی پێشوو، لە کاتێکدا Covid-19 نەخۆشییەکی نوێ بوو، پێشتر مرۆڤ تووشی ڤایرۆسەکە نەببوو، ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکە.
گریفین دەڵێت: مەرج نییە نیگەران بین لە پەتایەک لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا، بەڵام زیادبوونی حاڵەتەکان و ئەو کاریگەرییەی کە هەیەتی بەرچاوە”. بە تایبەتی کە ئێمە ڤاکسین و دژەتەنمان نییە بۆ ڤایرۆسی هەوکردنی هەناسەدانی مرۆڤ.
گریفین رەتیکردەوە ئامۆژگاری گرتنەبەری رێوشوێنی توندی هاوشێوەی پەتای کۆڤید بکات، بەڵام رایگەیاند “مانەوە لە ماڵەوە و پراکتیزەکردنی پاکوخاوێنی لە زستاندا زۆر گرنگە”.
هەروەها ئەو دوو پسپۆڕە داوایان لە خەڵک کردووە لە کاتی نەخۆشکەوتندا نەچنە سەر کارەکانیان، جاکلین ستیڤنز پێشنیاری بەستنی دەمامکیشی کردووە لەکاتی دەرچوون لە ماڵەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە تووشبوون بە کەسانی دیکە بکات، بەتایبەتی ئەوانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە.
تهندروستیی جیهانی: خۆتان بۆ پهتایهكی نوێ ئاماده بكهن
لە چین ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بەم ڤایرۆسە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە راپۆرتەکان باس لە قەرەباڵغی نەخۆشخانەکان و رێوشوێنی نوێی کۆنتڕۆڵکردن و نیگەرانیی گشتی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکەن.
ڤایرۆسی سییەکانی مرۆڤ كە بە (HMPV) ناسراوە، لە زستانی ئەمساڵدا لە سەرانسەری پارێزگاکانی باکووری چین بڵابووەتەوە، ژمارەی تووشبووان بە تایبەتی لە نێو منداڵاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، دوای 5 ساڵ دێت لە بڵاوبوونەوە كۆرۆنای نوێ “Covid-19″، كە ئەویش هەر لە چین و شاری وهان بڵاوبووەوە، کە دواتر گۆڕا بۆ پەتایەکی جیهانی و 7 ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکران.
دەسەڵاتدارانی تەندروستیی چین رێوشوێنی نوێ جێبەجێ دەکەن بۆ چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، لەگەڵ ئەوەشدا بێجین پێشهاتەکانی کەمکردووەتەوە وەک رووداوێکی ساڵانەی زستانە پێناسەی دەكات.
تەندروستیی جیهانی: هەر بزانە ڤایرۆسێكی نوێ بڵاوبووەوە
HMBV چییە؟
• ڤایرۆسێکی کۆئەندامی هەناسە و نیشانەکانی هاوشێوەی هەڵامەت و ئەنفلۆنزایە.
• لە کاتێکدا نەخۆشییەکە بەزۆری سووکە، بەڵام دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵۆزییە گەورەکانی وەک هەوکردنی سییەکان، بەتایبەتی لە کۆرپە و کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی سیستمی بەرگرییان لاوازە.
• ڤایرۆسەكە نوێ نییە، بەڵام بووەتە جێی سەرنج، بە تایبەتی کە توشبوون بە ڤایرۆسەكە زیادی کردووە، بە تایبەت لە ناو منداڵانی تەمەن ژێر 14 ساڵ لە باکووری چین.
• ڤایرۆسەكە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2001 دەستنیشانکرا، لە رێگەی دڵۆپەکانی هەناسەدانەوە یان بەرکەوتن لەگەڵ شوێنێكی پیسبوو بە ڤایرۆسەكە دەگوازرێتەوە.
• نیشانەکانی بریتیین لە کۆکە، تا، گیرانی لووت و ماندویەتی، لەگەڵ مانەوەی بۆ ماوەی 3 تا 6 رۆژ.
ئایا ڤایرۆسەکە دەتوانێت بۆ وڵاتانی دیکە بگوازرێتەوە؟
هۆنگ کۆنگ چەند حاڵەتێکی تووشبوونی بە ڤایرۆسی هەوكردنی سییەكان تۆمار کردووە و وڵاتانی دراوسێی وەک کەمبۆدیا و تایوانیش بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لای خۆیەوە دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان و گەشتیاران و دەڵێت: دڵنیاتان دەکەینەوە حکومەتی چین گرنگی بە تەندروستی هاوڵاتیانی چینی و ئەو بیانییانە دەدات کە دێنە چین، ئاماژەی بەوەش کرد، “گەشتکردن بۆ چین سەلامەتە”.