خەرج و تێچووی کۆکردنەوەی چەند بووە؟

ساڵی رابردوو 720 هەزار تۆن زبڵ و خاشاک لە هەولێر کۆکراوەتەوە

شۆڕش قادری

خوا عومری هاوڵاتیان درێژ بکات، نایەڵن کارمەندانی شارەوانی بێ کار بن و رۆژانە پاشماوەیەکی یەکجار زۆر لە دوای خۆیان جێدێڵن، ساڵی رابردوو تەنیا لە ناو شاری هەولێر بەتێکڕا هەر رۆژێک نزیکەی دوو هەزار تۆن زبڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە.

“ساڵی 2024 هەر مانگێک نزیکەی 60 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک لە هەولێر کۆکراوەتە، کە لە ساڵەکەدا دەکاتە نزیکەی 720 هەزار تۆن”، کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانيی هەولێر وای بە 964 وت.

بە قسەی کارزان عەبدولهادی، خەرج و تێچووی کۆکردنەوەی ئەو هەموو زبڵە، نزیکەی 18 ملیار و 561 ملیۆن دینار بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەو زبڵ و پاشماوەیە لە کانی قڕژاڵە ژێرخاک کراوە، پلانیانیشیان هەیە بۆ ئەمساڵ کارگەیەکی ریسایکلینی پێشکەوتوو و مۆدێرن بکەنەوە، بۆ ئەو بابەتەش قسەیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا کردووە.