دایکیان رەتیان کردووەتەوە، بەخێویان بکەن
داواکرا دوو منداڵەکەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک ببرێنە خانەی بێ سەرپەرشتان
964+
ئەحمەد مستەفا
لە نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری کەرکوک، سێ ساڵ لەمەوبەر کچێکی ساوا و حەوت مانگ پێش ئێستا کچێکی ساوا دیکە، لەدایک بوون و تا ئێستاش لەوێ دەژین، بەو پێیەی دایکیان رەتیدەکەنەوە بەخێویان بکەن، کچەکان لای ستافی پەرستاران ماونەتەوە و چاودێرییان دەکەن، ئیدارەی نەخۆشخانەکە هەوڵی داوە بیانگوازێتەوە بۆ خانەی بێ سەرپەرشتان، بەڵام دادگا رەتیکردەوە.
بە قسەی بەڕێوەبەرەکەی بێت بۆ 964، ئەوان دووبارە داوایان بە داداگا پێشکەش کردووە، تا بیان گوازنەوە، چونکە ژینگەی نەخۆشخانە بۆ گەورەبوونی منداڵەکان لەبار نیە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، بەڵێن عومەر، بۆ تۆڕی 964 ئاماژەی بەوەکرد، منداڵەکان هیچ شتێک لەبارەی ژیانی دەرەوەی دیوارەکانی نەخۆشخانەکە نازانن، بۆ منداڵە سێ ساڵانەکە کاتێک دادوەر رەتی کردووەتەوە، لە نەخۆشخانە ببرێتە دەرەوە، دووبارە تانەمان لە بڕیارەکە داوە و دەمانەوێت منداڵەکان لە نەخۆشخانە نەمێننەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری ئازادی کەرکوک وتی، یەکسەر دوای لەدایک بوونی ئەو دوو کچە لە نەخۆشخانە دایکیان وتوویانە کە نامانەوێت بەخێویان بکەین و دەستبەجی رۆشتوون، دادگا بڕیاریداوە منداڵەکان لای ئێمە بمێننەوە.
کچە بچووکەکە تەمەنی حەوت مانگە لە کاتێکدا کچە گەورەکە تەمەنی سێ ساڵە و هیچ لە ژیانی دەرەوەی نەخۆشخانە نازانن، بۆیە پەیوەندیمان بە خانەی بێ سەرپەرشتان کرد ئەویش رازی بوو کە وەریان بگرن، بەڵام رای دادگای ماوە، دووبارە داوامان کردووە کچە گەورەەیان، کە لەلایەن پەرستارەکانەوە پەروەردە کراوە بگوازرێتەوە بۆ خانەکە و تێکەڵی لەگەڵ منداڵانی تر دروست بکات.
بەڵێن عومەر، هۆکاری ئەو داواکارییە بۆ ئەوە گەڕاندوە، ژینگەی نەخۆشخانەکە گونجاو نییە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ، بەڵام پەرستارەکان و سەرجەم کارمەندەکان هەموو هەوڵێکیان دا بۆ چاودێریکردنی ئەو دوو کچە.
ئەمە یەکەمجار نییە، ئەوان لە نەخۆشخانەکە ئەزموونی پێشوویان هەیە و دوو منداڵی تریان هەبووە، کوڕێک و کچێک، کە لە شوێنێکدا و لەسەر رێگایەک دۆزراونەتەوە، دواتر بردراونەتە نەخۆشخانە و هیچ زانیارییەک لەسەر دایک و باوک و خێزانەکەیان نەبووە، بەڵام دوای شەش مانگ، دوو خێزان منداڵەکانیان بەخێو کرد و لە نەخۆشخانەکە نەمانەوە.
هەواڵی پەیوەندیدار؛