لە رێگەی کارتی بانکیەوە پارەی وەرگرتووە
لە هەولێر ژنێکی جادووگەر دەستگیر کرا
964+
توانا نەقی
پۆلیسی هەولێر ژنێکیان دەستگیر کردووە بە تۆمەتی جادووکردن و فاڵگرتنەوە و فێڵکردن، پارەشی بە دەستی وەرنەگرتووە و لە رێگەی کارتی بانکیەوە پارەی لێیان وەرگرتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، پۆلیسی هەولێر بڵاویکردەوە، ئەو تۆمەتبارە کە هەستاوە بە ئەنجامدانی سیحر و جادوو و فاڵگرتنەوە و چەندین کاری تری نەشیاوی ئەنجام داووە و بە سەدان کەسی هەڵخەڵەتاندووە.
ژنە تۆمەتبارەکە ناوی (ک. ا. م)ـە و لەدایکبووی 1987 واتە 37 ساڵ تەمنیەتی.
دەشڵێت، ئەو ژنە دانیشتووی شاری هەولێرە، لەپێناو بەرژەوەندیی مادی ئەو کارانەی کردووە، بەبێ گوێدانە لایەنی کۆمەڵایەتی و تێکدانی شیرازەی خێزان، کە پارەکانیشی زیاتر لە رێگای کارتی بانکییەوە وەرگرتووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم کارانە لە رووی یاساییەوە قەدەغەکراون و هەر کەسێک کاری لەو شێوەیە ئەنجام بدات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.