ستافێکی خوێندنی باڵا لە هەڵەبجە بوون

مامۆستا بۆ کۆلیژی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجە دابین دەکرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە هەماهەنگی تەندروستیی هەڵەبجە، ستافی مامۆستایان بۆ کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە دابین دەکات، بەمەش هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کردنەوەی کۆلیژەکە لە رووی دابینکردنی توانا مرۆییەکان چارەسەر دەبێت.

لیژنەکە هەر لە سەردانەکەیاندا، باڵەخانەی کۆلیژی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجەیان کرد و کارەکانی پرۆژەکەیان بەسەرکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.12.2024، لیژنەی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، کە لە راوێژكارانی وەزارەت، بەڕێوبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی بۆ دابینكردنی توانا مرۆییەكان سەردانی زانكۆی هەڵەبجەیان كرد و لەگەڵ ئەو پزیشكانە كۆبونەوە، كە راژەكانیان بۆ کۆلیژی پزیشكی زانكۆی هەڵەبجە دەگوازرێتەوە و دەبنە ستافی مامۆستایانی کۆلیژی پزیشکی.

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە، ئامانج عەبدوڵا، راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی لیژنەکە رایگەیاندووە، لە ئێستاوە وەزارەت کارەکانی دەستپێدەکات بۆ رێکخستنی دەرفەتی راهێنانی پێداگۆجی بۆ ئەم مامۆستایانە و لە ناویاندا تیمی زانستی و پسپۆڕی پێکدەهێنرێت، بۆ مەبەستی کارکردن لەسەر داڕشتن و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن و تەواوکردنی ئامادەکارییە زانستی و تەکنۆلۆژییەکانی تایبەت بە خوێندنی پزیشکی.

بینینی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەیە، کە کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە بە ئاست و ستانداردێکی نێودەوڵەتی بەرز بنیاد بنرێت، لەو بارەیەوە وەزارەتەکە بە پلانێکی زانستی و بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی کار لەسەر پرۆگرامی خوێندن و ژێرخان و پێداویستی زانستیە زانستییەکانی دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو رێکارە کارگێڕی و داراییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستی تاقیگەکان و ژینگەی خوێندنی كۆلیژی پزیشکی تەواو کراون و لە قۆناغی تەندەر و کڕیندان، پابەندیش دەبن بەو کاتانەی بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە دیارییان کردووە.