ناوەڕۆکى کۆبوونەوەی ئەمڕۆیانە
حکومەتى هەرێم: چاوەڕێین بەغدا لە رۆژانى داهاتوو موچەى مانگەکانى 10 و 11 و 12 بنێرێت
964+
وریا فەتاح
دواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆیان، ئەنجومەنى وەزیران دەڵێت، حکومەتى هەرێم سەرجەم پابەندییەکانى بەرامبەر بەغدا ئەنجامداوە و چاوەڕێن لە رۆژانى داهاتوودا بەغدا تەواوى شایستە داراییەکانى مانگەکانى 10 و 11 و 12ـى ئەمساڵ بنێرێت.
وەزارەتى دارایى راسپێردراوە لەگەڵ گەیشتنى پارەکەى بەغدا، دەست بە دابەشکردنى موچە بکەن
دواى ئەوەى ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و ئامادەبوونى قوباد تاڵەیانى جێگرى، کۆبوونەوەى ئاسایى خۆیان ئەنجامدا، راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، چاوەڕێین بەغدا لە رۆژانى داهاتوو موچەى مانگەکانى 10 و 11 و 12 بنێرێت.
بەپێى راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە بێت، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، راپۆرتێکیان دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە بابەتی مووچە و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدرال و خشتەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025 پێشکەش کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەمڕووەوە، چاوەڕوانن حکومەتی فیدراڵ، لە چەند رۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەش بکرێت.
“مووچەخۆرانی هەرێم، تا ئێستاش مووچەی مانگەکانی 10 و 11 ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم کەموکوڕیی لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەی بە تەواوی و بە بێ کەموکوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە”، لە راگەیەنراوەکەدا وا باسکراوە.
ئەنجومەنى وەزیران داوا لە حکومەتى فیدراڵ دەکات، لە کۆبوونەوەی داهاتوویان کە بڕیارە سبەی ئەنجام بدرێت، پشت بەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە، بە گوێرەی ماددەی 60 لە یاسای بودجەی عێراق ، چارەسەری بنەڕەتی کورتهێنانی تەرخانکراویی مووچەی هەرێم بکەن، تاکوو مووچەخۆرانی هەرێم، هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەکانیان بەتەواویی و لە وادەی یاسایی خۆیان وەربگرن و چیدی پاساو و بیانووی تەکنیکی، نەکرێتە بەربەست لەبەردەم شایستە داراییەکانی مووچەخۆران کە پێویستە دوور بێت لە هەموو ناکۆکییەک.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد کە لە کاتی گەیشتنی هەر بڕە پاریەکی تر، لە بەغداوە بۆ تەواوکاری مووچە، راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەكان بکات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە حەفتەی داهاتوودا، بۆ بەدواداچوونی پرسی هەموارکردنەوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتە داراییەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025 ، سەردانی بەغدا بکات.
بەپێى راگەیەنراوەکە لە بڕگەى دووەمى کۆبوونەوەکە، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشنیاری هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتیی راژەی بۆ هاوتاکردنی ناونیشانە وەزیفییەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی خشتەی نوێی ناونیشانە وەزیفیەکان کە لە یاسای ساڵی 2024ـی هەموارکراوی میلاک هاتوون، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی راسپارد بەدواداچوون بۆ ئەم هەموارە بکەن کە لە خشتەی ناونیشانە وەزیفیەکانی یاسای میلاک هاتووە، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێم و بەرژەوەندی فەرمانبەران تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
سەرۆک وەزیران و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان، خۆی بە دوور دەگرێت لە هەر کێشە و ململانێیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی و وەک هەمیشەش بە فاکتەری ئارامیی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای رێزلەیەکترگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش