داعش داوای 30 دەفتەر دۆلار دەکات بۆ ئازادکردنی دوو شوانەکە
+964
هونەر فارس – گەرمیان
ماوەی نزیکەی مانگێکە داعش دوو شوانکاری لە گوندی قەڵا رفاندووە و بۆ ئازادکردنیان داوای 30 دەفتەر دۆلار دەکات بە وتەی فەرماندەیەکی سنوورەکە.
شوانکارەکان ناویان محەمەد حوسێن عەلی تەمەن 16 ساڵ و سەباح حەسەن تەمەن 20 ساڵە و هەردووکیان دانیشتووی گوندی قەڵای سەر بە ناحیەی زنانەی سەر بە شارۆچکەی خورماتوون.
شوانەکان لە رێکەوتی 15ی کانونی دووەمی ساڵی رابردوو، بە مەبەستی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لە چەمێک نزیک دەبنەوە و لەلایەن چەکدارانی داعش دەڕفێندرێن.
فەرماندەیەکی سەربازی سنوورەکە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، چەکدارەکان لە بەرانبەر ئازادکردنی ئەو دوو شوانکارە داوای 30 دەفتەر دۆلاریان کردووە، واتە بۆ هەریەکەیان 15 دەفتەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، باری دارایی خێزانەکانیان ئەوەندە باش نییە کە بتوانن ئەو پارەیە بدەن بۆ ئازادکردنی کوڕەکانیان و بە داعشیان وتووە “توانای دابینکردنی پارەکەمان نییە”.
ئەو فەرماندەیە، جەختیشی لە زۆربوونی جموجۆڵەکانی داعش کردەوە لە سنورەکە و هۆکاریی رفاندنی شوانکارەکانیشی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەنیا بۆ وەرگرتنی پارە گەڕاندەوە.
تۆڕی 964 هەوڵیدا قسە لەگەڵ کەسوکاری رفێندراوەکاندا بکات، بەڵام لەبەر دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی رفێندراوەکان ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک بدەن.