تۆوی گەنم دەچێنن
جوتیاران مشتیان لەو بارانە خۆش کردووە کە بەنیازە ببارێت
964+
ئەحمەد مستەفا
چاوەڕێ دەکرێ کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی ئاییندە، باران لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ببارێت، ئیتر دووبارە وەختی چاندنەوەی تۆوی گەنمە بەپێی کەشی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
ئەمە پێی دەڵێن، یەکەم بارانی پەڵە و خۆئامادەکردنی جوتیاران بۆ وەرزی چاندنی تۆوی گەنم، ئەو جۆرە گەنمانەش کە لە دەشتەکانی کوردستاندا دەچێنرێن، هەمەجۆرن و گرنگترینیان ئەمانەن: قەندەهاری، رەزاو، بەهارە، سپیکە، زەردکە.
رەزا محەمەد، جوتیار لە دەشتی شارەزوور بە 964ی وت، بەپێی کەشناسی بێت 10 رۆژی سەرەتای مانگی 11ی ئەمساڵ، بارانیکی زۆر باش دەبارێت لە زۆربەی ناوچەکان بارانی پەڵە دەبارێت، هەر لە ئێستاوە، دەستمان بە ئامادەکردنی مەکینە و تۆو کردووە.
ئەمساڵ لهلایهن حكومهتى عێراقهوه، بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا، بەپێی رێککەوتنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و وەزارەتی بازرگانیی عێراق 228 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک دیاری کرابوو.
ئهمه له كاتێكدایه، بەرهەم لە سنووری یەک ملیۆن تۆنە، بەوەش گەنم تەنیا لەو جوتیارانە وەردەگیرا کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ناوەکانیان نێردرابوو بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق، رەزا محەمەد، دەڵێ، ئەمساڵ چاویان لەوەیە بڕی وەرگرتن زیاد بکرێ، چونکە فرۆشتنەوەی لە بازاڕی ئازاد مایەی خەرجییەکەشی دەرناکاتەوە.
گەنم یەکێکە لەو بەروبووم و دانەوێڵانەی خۆراکی سەرەکیی نەک تەنیا کوردستان بگرە جیهانە، گەنم یەکێکە لەو دانەوێڵانەی لە ئاستی جیهاندا زۆرترین بەکارهێنانی هەیە، ئەر دانەوێڵەیە هەرچەندە لە کەشوهەوای جۆراوجۆر و خاکێکی بەرفراواندا گەشە دەکات، بەڵام بە باشترین شێوە لەگەڵ ناوچە مامناوەندەکاندا دەگونجێت کە بارانبارین لە نێوان 30 بۆ 90 سانتیمەتر بێت.
لە هەولێر و كەركوک گردبوونەوە كرا و جوتیارانیش بۆ پارەی گەنم چوونە بەغدا
گەنمی زستان و بەهار دوو جۆری سەرەکیی بەرهەمەکەن، پێکهاتەی خۆراکیی دانەوێڵەی گەنم لەگەڵ جیاوازیی کەشوهەوا و خاک تا رادەیەک دەگۆڕێت، بە تێکڕا ناوکەکە لەسەدا 12 ئاو و لەسەدا 70 کاربۆهیدرات و لەسەدا 12 پرۆتین و لەسەدا 2 چەوری و لەسەدا 1.8 کانزا و لەسەدا 2.2 ریشاڵی خاو لەخۆدەگرێت.