دەنگ لەسەر هەموارى یاساى بارى کەسێتى دەدات

ئەمڕۆ، پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کۆدەبێتەوە و بەپێى کارنامەى کۆبوونەوەکە دانیشتنەکە لەسەر بڕگە پێکهاتووە و سێ پڕۆژە یاساش خراونەتەڕوو.

کۆبوونەوەکە کاتژمێر 1:00ـى دوانیوەڕۆ دەستپێدەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە دەنگدان بە هەمواری یاسای باری کەسێتیی، دەنگ لەسەر بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی رژێمی پێشو دەدرێت کە پەیوەستە بە تەعریب لە كەركوك و دەوروبەری و گەڕانەوەی زەوییەكان بۆ خاوەنەکانیان کە كورد و توركمانەكانن.

هەر بەپێی کارنامەی کۆبونەوەکە، دەنگ لەسەر هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی دەدرێت.

چالاکوانان و بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان و یاساناسان پێشتر نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە گۆڕانکاری لە یاسای ژمارە 188ی ساڵی 1959ـى باری کەسێتی بەو  جۆرەی پێشنیازکراوە، بە هەوڵێکی سیاسیی و پێچەوانەی دەستوور و بنەماکانی دیموکراسی و مافەكانی ژنان و منداڵان ناوی دەبەن.

بۆ هەمواری یاسای باری کەسی ئەم پێشنیارانە كراون 
– دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
– هەرکەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکەش بکات.
– ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
– دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسێتی دروست بکەن.
– تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
–  ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجومەنی زانستیی و فەتوا وەردەگیرێت.
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە:
دادگەی باری کەسی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری پەسەند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سونە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسەنددەکرێن.
لە هۆکارەکانی دەرچوواندنی هەموارەکەدا هاتووە؛ لەگەڵ مادەی دووی دەستوور دەگونجێت و مادەی 41ـیشی کە دەڵێت عێراقییەکان ئازادن لە دیاریکردنی مەزهەبەکانیان.