دیمەنێکی فێستیڤاڵەکە وێنە: سۆشیاڵ میدیا
بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنییەوە
ئەمساڵ فێستیڤاڵی کلتوورە جیاوازەکان لە رانیە بەڕێوەناچێت
+964
ژێوار خدر
بەهۆی ئەو رەوشەی کە ئێستا رۆژهەلاتی ناوەڕاست تێی کەوتووە، فێستیڤاڵی کلتوورە جیاوازەکان لە رانیە ئەمساڵ بەڕێوەناچێت.
دامەزراوەی رایەڵ کە رێکخەر و بەڕیوەبەری فێستیڤاڵەکەن لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، بۆ ئەم ساڵ و لە دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کلتوورە جیاوازەکان، کە بڕیاربوو لە رۆژی 10/10/2024 ئەنجام بدرێت و هەر یەک لە گروپەکانی( روسیا، سڕبیا، مەکەدۆنیا، هیندستان، میصر، ئەردەن، عەفرین، بەصرە، سلێمانی، ڕانیە، کرماشان و تاران) بەشداری تێدا بکەن، بەڵام دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و راگرتنی بەشێک لە گەشتە فرۆکەوانییەکانی ناوچەکە و ناسەقامگیری سیاسی بڕیارماندا بە راگرتنی فێستیڤاڵەکە.
دەشڵێت، بە ئومێدین لە دەرفەتێکی دیکەدا فێستیڤاڵێکی شایەستە پێشکەش بکەین.
فێستیڤاڵی کلتوورە جیاوازەکان، فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتییە، ساڵانە لە شاری رانیە بە بەشداری چەندان گروپی موزیک و سەما و هەڵپەركێ لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە بەڕێوەدەچێت و چالاکی هونەری جیا جیای تیادا پێشکەش دەکرێت.