"پیرۆزیی قورئان، برایەتی و تەبایی بپارێزن"
یەکێتیی زانایان: هانتان دەدەین بە گوڕوتینەوە بەشداری دەنگدان بکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
یەکێتیی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی هانی خەڵک دەدات بە گوڕوتینەوە بەشداری لە دەنگدان بکەن، بۆ ماوەی بانگەشە دەڵێت، “هەر هەنگاوێکی نەشیاو رەنگدانەوەی بەسەر پەروەردەی تاکەکانەوە دەبێت و سیمای شارستانی گەلەکەشمان لەکەدار دەکات”.
لە سەروبەندی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، کۆپییەک لە پەیامەکە بە 964 گەیشتووە، کە سێ خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت، ئەوە روون کراوەتەوە، “مزگەوت و قورئان و موقەدەساتی ئایینی موڵکی هەموو موسڵمانانی کوردستانن، پێویستە پیرۆزییان رابگیرێت و نەکرێنە بەشێك لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەمەدا زەرەمەندی یەکەم پێگەی ئایین و پیرۆزییەکانە”.
لە کاتژمێر 00:01ی درەنگانی ئەمشەوەوە بانگەشە دەستی پێکردووە، یەکێتی زانایان بە پێویست دەزانێ هەموو لایەك لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست بە بەها مرۆیی و نیشتیمانییەکانەوە بگرن،” بە جۆرێك پرۆسەکە لە کەش و هەوایەکی ئارام و دوور لە زمانی زبر و تەخوینکردن و سووکایەتیکردن بەڕێوەبچێت، بۆ پاراستنی گیانی برایەتی و تەبایی”.
کۆمیسیۆن ناوی بەربژێرەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
(وَأَمۡرُهُمۡ شُورَىٰ بَيۡنَهُمۡ)
هاوڵاتیانی بەڕێز :لایەنە سیاسیەکان:
لە سەرو بەندی دەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە پێویستی دەزانین ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە بەردەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانو کیانە سیاسییەکان.
یەکەم: هانی هاوڵاتیانی هەرێمەکەمان دەدەین بە گوڕوتینەوە بەشداری پڕۆسەی دەنگدان بکەنو بە دەنگی خۆیان نوێنەرەکانی خۆیان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرن، بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەشێکە لە هۆشیاری تاکو بەشداریکردنە لە بڕیارەکانی داهاتووی هەرێمەکەمان.
دووەم: پێویستە هەموو لایەك لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست بە بەها مرۆییو نیشتیمانییەکانەوە بگرن، بەجۆرێك پرۆسەکە لە کەش و هەوایەکی ئارامو دوور لە زمانی زبرو تەخوینکردنو سووکایەتیکردن بەڕێوەبچێت، بۆ پاراستنی گیانی برایەتی و تەبایی، چونکە هەر هەنگاوێکی ناشیاو ڕەنگدانەوەی بەسەر پەروەردەی تاکەکانەوە دەبێتو سیمای شارستانی گەلەکەشمان لەکەدار دەکات، بۆیە پێویست دەکات هەموو لایەک پابەند بێت بە ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی هەلبژاردن و لایەنە پەیوەندارەکان بۆ ئەوەی بانگەشەی هەلبژاردن لە کەشێکی ئارام بەرێوە بچێت.
سێیەم: مزگەوتو قورئانو موقەدەساتی ئایینی موڵکی هەموو موسلمانانی کوردستانن، پێویستە پیرۆزییان ڕابگیرێتو نەکرێنە بەشێك لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەمەدا زەرەمەندی یەکەم پێگەی ئایینو پیرۆزییەکانە.
یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
٢٤ ی ئەیلولی ٢٠٢٤