70 کیلۆ خورمای گرتووە
دارخورما تاقانەکەی قەڵادزێ بەرهەمی باشی هەبووە
964+
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ
هاوڵاتیەک لە قەڵادزێ لە حەوشەی ماڵەکەیدا، زیاتر لە 30 ساڵە دارخورمایەکی چاندووە و چوار ساڵە بەر دەگرێت، جگە لەوەی جوانی بە سنوورەکە بەخشیوە، ئەمساڵ نزیکەی 70 کیلۆ خورمای گرتووە.
خالید ساڵح، خاوەنی دارخورمایەکە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، 30 ساڵ زیاترە لە حەوشەی ماڵەکەماندا دارخورمایەک بوونی هەیە، بیرمە بچوک بوو خزمەتم کرد تاوەکو گەورە بوو، ئێستا کامڵ بووە و بەرهەمی باشی هەیە.
وتیشی، “دارخورماکە خورمای نەدەگرت، ماڵێکی عەرەب بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەبوون و بوون بە جیرانی ئێمە، تێکەڵاویمان پەیدابوو، ئەو پیاوە عەرەبە شارەزایی هەبوو لەسەر داری خورما، وتی بۆ ئەوەی بەر بگرێت دەبێت نێرە و مێیەی پێبکەیت، جۆرێک لە تۆزی هینا لە بەغداوە، ئەمە تۆزی دارخورمای نێرینەیە، تۆزەکەی بەقەدیی دارخورماکەدا کرد، لەوکاتەوە چوار ساڵە بەرهەمی هەیە و خورمای جوان دەگرێت.
بە قسەی خالید ساڵح بێت، دارخورماکە جۆری خورمای فستەقە، ئەمساڵ نزیکەی 70 کیلۆ خورمای گرتووە، بەڵام ژنیگە و ئاو هەواکەی قەڵادزێ بۆ پێگەیشتنی بەرهەمەکەی فێنکترە لەو پلە گەرمیەی کە پێویستە هەبێت بۆ گەیشتنی بەرهەمی خورماکە، بەڵام جگەلەوەی زۆر بەباشی کامڵ نابێت تامێکی خۆشیشی هەیە.
لە پشدەر نەمان بینیوە خورمایی ئاوا بوونی هەبێت و خورما بگرێت، دڵمان زۆر پێی خۆشە و خزمەتی دەکەین، بەهۆی دەگمەنیەکەیەوە، هاوڵاتیان کەدەیبینن سەرنجیان رادەکێشێت و وێنەی لەگەڵ دەگرن، ئەوریشانەی لەبنی دەڕوێنەوە هاوڵاتیان دەیبەن و دەیچێننەوە و بە ئومێدی ئەوەن هاوشێوەی دارخورمایەکەم بڕیوەتەوەە، خۆشم دوو نەمامم لەو خورمایە چاندووەتەوە بۆ ئەوەی زیاتر بوونیان هەبێت لە سنورەکەماندا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی