کەی تەواو دەبێت؟
دروستکردنی رێگای دووسایدی کەلار-دەربەندیخان بە کوێ گەیشت؟
964+
شۆڕش قادری
کارکردن لە رێگای کەلار-دەربەندیخان کە بە یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت بەردەوامە و وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، پێشبینی دەکەن تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە قۆناغی کۆتایی.
مەریوان مەلا حەسەن وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم بە 964ـی وت، “کارکردن بە شێوەیەکی چڕ لە پڕۆژەی رێگای دووسایدی دەربەندیخان – کەلار بەردەوامە و قۆناغی گرنگی بڕیوە و رێژەی ئەنجامدراو گەیشتوەتە 83٪”.
“ئەگەر بەم شێوەی ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوام بێت و بودجەی پێویستی بۆ دابین بکرێت، پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە قۆناغی کۆتایی و پڕۆژەکە تەواو ببێت”، مەریوان مەلا حەسەن وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و درێژییەکەی 41 کیلۆمەترە، بە تەواوبوونی، رێگای کاتژمێرێک و 25 خولەکی نێوان ئەو دوو شارە، دەبێتە 40 خولەک و ئێستاش بەشێک لە قۆناغە تەواوبووەکانی رێگاکە خراوەتە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە.
لە نێو پڕۆژەکەدا 35 پردی تێدایە، کە درێژییەکانیان بە چوون و هاتن دەگاتە پێنج کیلۆمەترو زۆرینەیان تەواو کراون، ھاوکات پردی ئاوە خێری کە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو پڕۆژەکەوە.