بەردەڕەش.. خانوو دروستبکە دوو نەمام بە دیاری وەرگرە
964+
زەید کۆچەر -بەردەڕەش
نەمامگە تاقانەکەی بەردەڕەش، ئۆفەرێک پێشکەشی ئەو کەسانە دەکات کە خانوو دروستدەکەن، دەڵێ: دوو نەمامیان بە خۆڕایی پێدەدەین.
نەمامگەی بەردەڕەش کە تاکە نەمامەگەیە لە قەزایەکە و موڵکی حکومەتە، لەگەڵ ئەوەی بۆ خۆی کێشەو گرفتی زۆرە و تەنیا یەک کارمەندی فەرمی هەیە و نۆ کارمەندەکەی دیکەی گرێبەستن، بەڵام تەنیا لە ساڵی رابردوو هەزار و 300 نەمامی لە قەراغ شەقامەکانی قەزاکە چاندووە.
لە ئاگادارنامەیەکدا بۆ دانیشتووانی بەردەڕەش، ئیدارەی نەمامگەکە دەڵێ: هەر کەسێک خانوو دروستدەکات ئەوان دوو داری بە خۆڕایی پێدەدەن بۆ ئەوەی لەبەر دەرگای ماڵەکەی بیچێنێت.
دارا محەمەد، بەڕێوەبەری نەمامگەی قەزای بەردەرەش قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە، دەڵێت: بەپێی هەڵسەنگاندنی پارێزگای دهۆک، رێژەیی سەوزایی لە قەزای بەردەڕەش 25٪ـە، بەڵام رێژەکە ئەوەندە نییە بەڵکو بەپێی بەدواداچوونی ئێمە هەر %6 دەبێت.
زیاتر وتی “ئەو هەنگاوە، هەوڵێکە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی لە شارەکە”.
بە قسەی بەڕێوەبەری نەمامگەکە بێت، شکاندنی دارەکان هۆکارن لە بەرز نەبوونەوەی رێژەی سەوزایی لە شارەکە، بۆ ئەمەش گلەیی لە خەڵکەکە هەیە.
قەزای بەردەڕەش، سەر بە پارێزگای دهۆکە و 100 کیلۆ مەتر لەو پارێزگایە دوورە.