عێراقیەکان موڵک لە ئوردن دەکڕن
+964
فەهمی نەبی-هەولێر
ئامارێکی وڵاتی ئوردن دەریدەخات، عێراقیەکان ریزبەندی یەکەمیان لە کڕینی موڵک گرتووە لەو وڵاتە، بەجۆرێک تەنیا لە ماوەی ساڵی رابردوو، بەبڕی 167 ملیۆن دۆلار موڵکیان لە وڵاتی ئوردن کڕیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی کانونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی زەوی و زاری وڵاتی ئوردن بڵاویکردووەتەوە، رێژەی گەشەسەندنی کەرتی خانوبەرە لەو وڵاتە لە ساڵی رابردوو %17 بەرزبووەتەوە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتیە، ریزبەندی ئەو وڵاتانەی بڵاوکردوەتەوە کە لە ساڵی 2022، موڵکیان لە ئوردن کڕیوە.
دوای عێراقیەکان، سعودییەکان بەبڕی 87 ملیۆن دۆلار و سوریەکان بەبڕی 32 ملیۆن دۆلار زەوی و شوقەیان لەو وڵاتە کڕیوە.
تۆڕی 964، بەدواداچونی بۆ هۆکارەکانی ئەو رێژەیە کرد کە خواست لەسەر کڕینی زەوی و شوقە لە ئوردن بەرزە.
سالار مەرزانی، خاوەنی کۆمپانیای بێڤەرلی بۆ فڕۆکەوانی بە تۆڕی 964-ی وت، “هۆکارەکە پەیوەندی بە سپیکردنەوەی پارە و جێگیری پارەی ئەو وڵاتەیە، چونکە ئوردن ماوەی 35 ساڵە دراوەکەی بەرامبەر دۆلار جێگیرە”.
سالار کە ئاگاداری گەشت و مامەڵەی هاوڵاتیانی عێراقە بۆ ئوردن، پێی وایە وڵاتانی ئەوروپا لە ئێستادا لە قەیرانن، بۆیە ئەوانەی دەیانەوێت پارە سپیبکەنەوە پەنا بۆ وڵاتێک دەبەن کە قەیرانی نەبێت.
لە ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی زەوی و زاری ئوردن ئەوە خراوەتەڕوو، ئەو وڵاتە لە ساڵی 2022، بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار زەوی و شوقەی فرۆشتووە.