بەڕێوەبەری سەنتەرەكە: ئیتر مەچن بۆ توركیا و ئوردن

بۆ یەكەمجار تووشبووانی جەڵتەی مێشك لە هەولێر چارەسەر دەكرێن

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

لە هەولێر سەنتەرێكی قەستەرەی مێشك و دەمار كرایەوە و بەڕێوەبەری سەنتەرەكەش دەڵێت، ئەو چارەسەرانەی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار و جەڵتەی مێشك و دڵ لە توركیا و ئوردن دەكرێن، لەمەودا لە هەولێریش دەكرێن.

سەنتەرەكە لە رێوڕەسمێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان كرایەوە، كە دەكەوێتە ناو نەخۆشخانەی ژینی تایبەت.

د.زەوەند سروود پسپۆڕی نەشتەرگەری، بەڕێوەبەری سەنتەرەكەیە و لە بارەی چارەسەری ئەو نەخۆشییانەی، كە لە سەنتەرەكە دەكرێت، بە 964ی راگەیاند، قەستەرەی مێشك و دەمارەكان و چارەسەری چەند نەخۆشییەكی دیكەش لە سەنتەرەكەیان دەكرێت.

وتیشی، “یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان و عێراق سەنتەرێكی لەوجۆرە بكرێتەوە، هەموو ئامێرە پێشكەوتووەكانی بواری نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار و دڵ و چەند بوارێكی دیكە لە سەنتەرەكەدا هەن.

د. زەوەند ئاماژەی بەوەدا، لەمەودوا هەر كەسێك تووشی جەڵتەی مێشك بێت و زوو بگاتە سەنتەرەكە، چارەسەری بۆ دەكرێت و لە مردن و شەلەلبوون رزگار دەكرێت.

چ جۆرە نەخۆشییەك لە سەنتەرەكە چارەسەر دەكرێت؟
بەڕێوەبەری سەنتەری قەستەرەی مێشك و دەمار دەڵێت، “چەند جۆرە نەخۆشییەك لای ئێمە چارەسەر دەكرێت، كە پێشتر هاوڵاتیان بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییانە دەچوونە ئوردن و توركیا، بەڵام پێیان دەڵێم ئیتر پێویست ناكات بچنە دەرەوە و لە هەولێر چارەسەر دەكرێن”.

وتیشی، جەڵتەی مێشك زوو بگاتە لای ئێمە لە مردن و شەلەلبوون رزگار دەكرێت، نەزیفی مێشك و هەڵاوسانی خوێنبەری مێشك بەبێ كردنەوەی كەلـلەسەر، گۆڕینی زمانەی دڵ بەبێ كردنەوەی سینگ، كێشەی دەماری پەلەكان (دەست و قاچ) و چەند حاڵەتێكی دیكەی تەندروستی لای ئێمە چارەسەر دەكرێت و باشترین ئەو ئامێرانەی ئێستا لە دنیای پزیشكی بەكاردێن، لای ئێمەش بەردەستن، لەگەڵ كۆمەڵێك پزیشكی دەرەوە و ناوخۆیی، كە بەیەكەوە كاردەكەن”.
د.زەوەند سروود دەڵێت، بوونی سەنتەرێكی لەو شێوەیەمان بە پێویست زانیوە و لە دیدێكی مرۆڤانەوە مامەڵە دەكەین.

حكومییە یان ئەهلییە؟
سەنتەرەكە ئەهلییە و لە ناو نەخۆشخانەی ژینی تایبەت كراوەتەوە، د. زەوەند دەڵێت، وەزارەتی تەندروستی پاڵپشتیمان دەكەن و لەگەڵ وەزیری تەندروستییش لە پەیوەندی بەردەوامداین، بۆ ئەوەی حكومەت باشتر پاڵپشتیی سەنتەرەكە بكات و بەشێك لە خەرجی نەخۆشەكان لەئەستۆ بگرێت.

وتیشی، “نرخی ئەو چارەسەرییانەی لای ئێمە دەكرێت، لەوانەیە وا حیساب بكرێ گرانە، بەڵام زۆر لە وڵاتانی ئوردن و توركیا هەرزانترە و بە هەمان ئامێر و تەكنیك دەكرێت، تەنانەت دكتۆرەكانی ئەوێش ئێستا لە سەنتەرەكەی ئێمەدان”.
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، لە هەموو نەخۆشخانەی عێراقدا سەنتەرێكی لەو جۆرە لە ئاستی حكومییدا نییە، بۆ حكومەتی هەرێمیش ئاسان نییە ئێستا سەنتەرێكی لەو جۆرە لە نەخۆشخانەی حكومی بكاتەوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوەین حكومەت بێتەپێشەوە و وا بكرێت خەرجی سەر نەخۆشەكان بەشێكی بكەوێتە ئەستۆی حكومەت.

تەندروستیی راپەڕین: پزیشک لەوێ نەبوو کارمەند مافی نییە...

تەندروستیی راپەڕین: پزیشک لەوێ نەبوو کارمەند مافی نییە جوانکاری بۆ چارەخواز بکات