گواستیانەوە شوێنێکی تازە

کێشەی بەقاڵەکانی بازاری سەیدسادق چارەسەر بوو

964+

ژێوار خدر

بەقاڵەکانی سەر پردەکەی ناو بازاڕی سەید سادق گواستییانەوە بۆ گەراجی کۆنی گرێزە، پێشتر رازی نەبوون بەو شوێنەو و ئامادە نەبوون کرێ بدەن.

بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە 29.7.2024، بەشێکیان گواستویانەتەوە بۆ گەراجەکە و بڕیارە سەرجەم بەقاڵەکانی سەر پرد و سەرجادەکەش بچنە ئەو شوێنە، بەڵام لە بەرامبەردا دەبێ بڕە پارەیەک بدەن.

هەمزە ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق بە 964ـی وت، راستە بەقاڵەکان لە کۆتاییدا گواستویانەتەوە بۆ ئەو گەراجە، وتیشی “ئێمە وەک شارەوانی پێشتر دوو شوێنمان بۆ دیاری کردبوون، بەڵام دیارە خۆیان ئەوێیان پێ باشتر بووە و ئەو شوێنانەی ئێمە دیاریمان کردوون بێ بەرامبەرە و هیچ بڕە پارەیەکیان لێ وەرناگیرێت.

سەبارەت بەو بڕ پارەیەی کە لە بەقاڵەکان وەردەگیرێت بۆ مانەوەیان لەو شوێنە تازەیە، هەمزە ئەحمەد وتی، ئاگادارنین و نازانین پێویستە چەند پارە بدەن، چونکە ئەو شوێنە پەیوەندی بە شارەوانییەوە نییە.

روونیشیکردەوە، ئێمە پێشتر دوو شوێنمان بۆ بەقاڵەکان ئامادە کردبوو، هەر کاتێک بیانەوێت، دەتوانن بگوازنەوە بۆ ئەوێ و کەپریشییان بۆ ئامادەکراوە.

پێشتر سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق بە 964ـی وتبوو، کە ئەو گەراجە موڵکی کەسێکە و کەسەکە خۆی دابینی کردووە، بۆیە ئاساییە لە بەرامبەر مانەوەی بەقاڵەکان لەوێ داوای بڕە پارەیەک بکات و بەقاڵەکانیش سەرپشکن لەوەی ئەوێ هەڵدەبژێرن، یان ئەو شوێنانەی لەلایەن شارەوانییەوە بۆیان دابینکراوە.

دوو هەفتە لەمەوپێش، شارەوانیی سەیدسادق لە پێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناو بازاڕ رێگری لە بەقاڵەکان کرد لە نزیکی پردی ناو بازاڕی سەیدسادقەوە بوەستن و بەقاڵەکانیش ناڕازی بوون لەو بڕیارە.

بەقاڵانی سەیدسادق لە شوینە تازەکەیان ناڕازین

بەقاڵانی سەیدسادق لە شوینە تازەکەیان ناڕازین