فەرمانبەرانی کەرکوک داوای پێداچوونەوە بە موچەکانیان دەکەن

+964

کاروان ساڵحی – کەرکوک

فەرمانبەرانی کشتوکاڵ و شارەوانی کەرکوک داوای پێداچوونەوە بە موچەکانیان دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی کانونی دووەم، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی کشتوکاڵ و شارەوانی کەرکوک لە بەردەم بینای کۆنی پارێزگای شارەکە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان نیشاندا و داوای پێداچوونەوەیان بە موچەکانیان کرد.

ئەوانەی گردبوونەوەکەیان ئەنجامدا، ژمارەیان زیاتر لە 40 کەس دەبوون، هەموویان فەرمانبەری هەمیشەیی بوون بەڵام بەهۆی کەمی موچەکانیان داوایان لە حکومەتی عێراق دەکرد کە پێداچوونەوە بە موچەکانیان بکات.

ئەوان نەچوونە بەردەم بینای پارێزگاری شارەکەو هیچ فەرمانگەیەکی شارەکە، مەبەستیان بوو لەبەردەم بینای کۆنی پارێزگای شارەکە لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن پەیامەکەیان بە حکومەتی عێراق بگەیەنن.

عەلی شەهاب، یەکێک لەو فەرمانبەرانی بەشداری گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی کردبوو بە تۆڕی964ـی وت، دەرچوی زانکۆم ماوەی شەش ساڵە فەرمانبەری هەمیشەیم لە شارەوانی کەرکوک، تاوەکو ئێستا موچەکەم تەنیا 300 هەزار دینارە.

بە قسەی خۆی بۆ گوزەراندنی ژیانی رۆژانەی، ناچارە دوای دەوام کاری دووەم بکات، دوڵێ: داواکارین سەرۆک وەزیران چاو بە موچەکانمان بخشێنێتەوە بەر لە پەسند کردنی بودجەی 2023ـی عێراق.

داواکاری سەرەکی ئەو فەرمانبەرانەی کەرکوک، هەموارکردنی یاسای شایستەی موچەی فەرمانبەران بوو کە ژمارە 22ـی ساڵی 2008ـە، بەپێی ئەو یاسایە حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەرانی رێکخستووە، بەڵام بە قسەی فەرمانبەرانی گردبووەوە بێت ئەوا موچەکەیان کەمە بەراورد بە دۆخی ئێستا.

هاوکات جومعە عاتف کە یەکێکی دیکە بوو لەو فەرمانبەرانەی کە بە قسەی خۆی موچەکەی 600 هەزار دینارە، ماوەی 10 ساڵە خزمەتی هەیە.

وتی “بە ناچاری دوای دەوام لە دوکانی جلوبەرگ کار دەکەم”.