ئاکرێ سەرتۆپیانە

زیاتر لە 20 هەزار دۆنم برنج لە پارێزگای دهۆک چێندراوە

964+

هێڤی دێوالی – دهۆک

ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 20 هەزار دۆنم بە برنج چێنراوە، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆکیش دەڵێت، پێشبینی دەکەین بەرهەمەکە سەر روو 20 هەزار تۆن بێت.

لە سنووری پارێزگای دهۆک رێژەی هەرە زۆری چاندن لە قەزای ئاکرێیە بڕی 12هەزار و 500 دۆنم بە برنج چێنراوە، هەروەها لە هەرسێ قەزاکانی دهۆک و بەردەڕەش و ئامێدی نزیکەی حەوت هەزار 500 دۆنم بە برنج چێنراوە.

ئەمڕۆ دوشەممە 2024.7.8، ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـی وت، ئەمساڵ 20 هەزار و 467 دۆنم زەوی برنج لە سێ قەزای پارێزگای دهۆک چێندراون.

وتیشی، ئەو برنجەی جوتیارانی ناوچەکە دەیچێنن لە جۆری شەش مانگییە و هەندێک جۆری برنجەکە، دەنک درێژ و هەندێک جۆری دەنک کورت چێنراوە، لە کۆتایی مانگی نۆ بەرهەم دێت.

“ئەمساڵ پێشبینی دەکەین لەپارێزگای دهۆک زیاتر لە 20 هەزار تۆن برنج بەرهەم بهێنرێت” ئەحمەد جەمیل وای وت.

عەلی محەمەد دوکاندارێکی بازاڕی فروشتنی وشکەیە بە 964ـى وت، ئەوان برنجی ئاکرێ و برنجی هاوردەش دەفرۆشن، بەڵام پڕفرۆشترینیان برنجی ئاکرێیەو کیلۆی لە نێوان 2500 دینار بۆ 4500 دینارە.

964 دەزانێت، ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆک 19 هەزار و 637 دۆنم زەوی کراوە بە برنج.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

برنجی ئاکرێ هەناردەی دەرەوە دەکرێت

برنجی ئاکرێ هەناردەی دەرەوە دەکرێت