سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە
964+
توانا نەقی – هەولێر
سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوەو تاوتوێی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکەن، هاودەم ژمارەیەک فراکسیۆن بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن.
بڕیارە سبەی دووشەممە 23ی کانونی دووەم، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن کۆببێتەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە جۆرێک نزیکبوونەوە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، هاودەم گوشارێکی نێودەوڵەتیش کە ئەمساڵ هەلىژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت ئەنجام بدرێت.
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی964ـی راگەیاند: سبەینێ وەک فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەین و دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی دەستوبرد بکرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
وتیشی “ئێمە خۆمان پڕۆژەمان هەیە بۆ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن، لە کۆبوونەوەکەدا باسی دەکەین”.
پەرلەمانی کوردستان کە ئێستا لە پشووی زستانەیە، لە سەرەتای مانگی داهاتوو خولی بەهارەی دەستپێ دەکات، لە پشووەکاندا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بێت دەتوانێت کۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجام بدات.
کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی964ـی وت، ئەوان بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن، چونکە دەستیانلەکار کێشاوەتەوە لە پەرلەمان و پێیانوانییە ئەو کۆبوونەوەیە هیچ ئەنجامێکی باشی هەبێت.
وتیشی، ئامادەن بۆ هەرکاتێک هەڵبژاردن بکرێت و یاساکە بەهەر شێوازێک بێت یەک بازنەیی بێت یان فرە بازنەیی، بەڵام کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ و بێلایەن بوونی هەبێت.
پەرلەمانی كوردستان لە 9ـی تشرینی یەکەمی 2022 تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرزی یاسادانان درێژكردەوە و هێشتا کاتی بەڕێوە چونی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە لە هەرێمی کوردستان.