رێنماییان به‌ سێ زمان داناوه‌

چوون بۆ تونێله‌ به‌فریینه‌كانى پڕژێ توندتر ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گەشتوگوزاری چۆمان، رێكاره‌كانى چوونى گه‌شتیاران بۆ ناوچه‌ى گه‌شتیاری پڕژێ تووندتر كردووه‌، به‌ سێ زمانیش رێنمایی چه‌قاندووه‌ و به‌ گه‌شتیاریان ده‌ڵێت “ئاگاداربن ئه‌م شوێنه‌ مه‌ترسیداره‌”.

پڕژێ، یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌ى هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌درێژایی ساڵ به‌فری لێ ده‌مێنێت و به‌درێژایی یه‌ك كیلۆمه‌تریش تاوه‌كو چیاى سه‌كران تونێلى به‌فرین هه‌یه‌، له‌ساڵانى رابردووش چه‌ند گه‌شتیارێك كه‌وتنه‌ ژێر تونێله‌ به‌فره‌كه‌ و گیانیان له‌ده‌ستدا.

هه‌ڵگورد محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى قه‌زاى چۆمان به‌ 964ـێ راگه‌یاند، ئه‌مساڵ رێكاره‌كانى چوونى گه‌شتیاران بۆ پڕژێ توندتر ده‌كه‌ن، ئه‌ویش بۆ سه‌لامه‌تى گیانى گه‌شتیارانه‌.

بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما تونێڵە بەفرینیەکان ئەگەری داڕمانیان هەیە، زۆرجارانیش گه‌شتیاران ده‌چنە ناو تونێله‌كان و هه‌شیانه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر تونێله‌كان.

وتیشی “به‌ هه‌ر سێ زمانى كوردى، عه‌ره‌ب و ئینگلیزى رێنمایی خۆپارێزیمان بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌شتیارانه‌ چه‌قاندووه‌ كه‌ له‌ شوێنه‌ چیاچیاكان سه‌ردانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى بزانن كه‌ ئه‌و شوێنه‌ مه‌ترسیداره‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌ندێك گه‌شتیار كه‌ له‌ پارێزگاكانى عێراقه‌وه‌ دێن، هه‌یانه‌ به‌ ته‌مه‌نى خۆی به‌فرى نه‌بینیوه‌ و ده‌چێته‌ ژێر تونێله‌ به‌فره‌كه‌ى پڕژێ و مه‌ترسی له‌ ژیانى دروست ده‌بێت.

ئاشكراشی كرد، كه‌ له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا كه‌سانى چاودێر له‌و شوێنه‌ گه‌شتیارییانه‌ داده‌نێین بۆ ئه‌وه‌ى راسته‌وخۆ رێنمایی گه‌شتیاران بكه‌ن.

خێزانێکی چوار کەسی لە ناو بەفری پڕژێ رزگار کران

خێزانێکی چوار کەسی لە ناو بەفری پڕژێ رزگار کران