هەڵەبجە و دوو ئیدارەشی لەگەڵە
بەراورد بە هەفتەی رابردوو داهاتی سلێمانی نیواونیو دابەزیوە
964+
پێشەوا محەمەد
بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی شافافییەت، داهاتی هەفتەی رابردووی پارێزگای سلێمانی، کە هاوکات پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینیشی لەگەڵدایە نزیکەی هەشت ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا هەفتەی پێشتر زیاتر لە 14 ملیار دینار داهاتیان هەبووە.
ماڵپەڕی شەفافییەت تایبەتە بە ئاشکراکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە لە 8.6.2024 تا 14.6.2024، کۆی داهاتی کۆکراوەی نانەوتی ئەو ناوچانە حەوت ملیار و 661 ملیۆن و 64 هەزار و 920 دینار بووە.
زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە ئاشکرای دەکات، 88%ـی کۆی داهاتی کۆکراوە بە شێوەی نەختینە بووە و ئەوەی دیکەی بە شێوەی چەک بووە و لە رێگای شەش گەنجینەوە کۆکراوەتەوە.
داهاتی ساڵی رابردووی سلێمانی بە پێی ماڵەپەڕەکە کە لە گەنجینەی یەک، گەنجینەی دووی سلێمانی، گەنجینەی چەمچەماڵ، گەنجینەی گەرمیان، گەنجینەی هەڵەبجە و گەنجینەی راپەڕین كۆكراونەتەوە بریتی بووە لە یەک ترلیۆن و 173 ملیار و 989 ملیۆن و 484 هەزار و 615 دینار كە بە شێوەی نەختینە و چەك و مقاسەیە.