یەکێتى زانایان بۆ حاجیان

“قوربانییەکانتان لە کوردستان ئەنجام بدەن”

964+

وریا فەتاح

یەکێتى زانایان پەیامێک ئاراستەى حاجیان دەکات و داوایان لێدەکات، لە جیاتى سعودیە لە هەرێمى کوردستان قوربانییەکانیان ئەنجام بدەن.

لە پەیامێکدا یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، داوا دەکات حاجیانی کورد قوربانیەکانی خۆیان لە رێی وەکیلەوە لە کوردستان ئەنجام بدەن، ئەمەش بۆ لەبەر چاوگرتنی گوزەران و دۆخی خەڵکی کەمدەرامەت.

عەبدوڵا شێرکاوەیى، وتەبێژى یەکێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان بە 964ـى وت،”یەکەمجارە بە شێوەیەکى فەرمى داوا لە حاجیان دەکەین کە لە هەرێمى کوردستان قوربانییەکانیان ئەنجام بدەن نەک سعودیە، ئەوەش روونکردنەوەیە بۆ ئەوەى بزانرێت کە لەرووى شەرعییەوە ئەنجامدانى قوربانى لە هەر کوێیەک بێت وەک یەکە و هەمان خێر و پاداشتى هەیە”.

دۆخى دارایى و بەرزى نرخى گۆشت، هۆکارى سەرەکى ئەو داواکارییەى یەکێتى زانایان بووە کە داوا لە حاجیان بکەن لە هەرێم قوربانییەکانیان ئەنجام بدەن، بە وتەى عەبدوڵا شێرکاوەیى، ئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خزم و کەس و کارو خەڵکی هەژار لە رۆژانی جەژن دڵخۆشتر ببن و بەرەکەت و ئاوەدانی پتر بکەوێتەوە.

لەبارەى ئەوەى ئەو پەیامە گومانخستنە سەر وڵاتى سعودیەیە کە قوربانییەکان ناگەیەنرێت بە شوێنى مەبەست، وتەبێژى یەکێتى زانایان وتى،”تائێستا هیچ شتێکى نەخوازراومان نەبینوە کە سعودیە گۆشتى قوربانى بە شێوەیەکى نادروست بەکار بهێنێت، روونکردنەوەکەمان بۆ ئەوەیە کە ئەنجامدانى قوربانى لە هەر شوێنێک بێت گرفتى شەرعى نیە و رێگە پێدراوە”.

یەکەم کاروانی زیارەتکارانی حەج لە سلێمانییەوە بەڕێکەو...

یەکەم کاروانی زیارەتکارانی حەج لە سلێمانییەوە بەڕێکەوتن