به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى راپه‌ڕین:

هه‌ر هه‌نگه‌وانێك كه‌نده‌سمه‌ (ره‌نگاڵه‌) بكوژێ ده‌ستگیرى ده‌كه‌ین

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى راپه‌ڕین له‌ رێگه‌ى 964ـه‌وه‌ په‌یامێك بۆ هه‌نگه‌وانانى سنوورى ئیداره‌كه‌ى ده‌نێرێت و ده‌ڵێت “هه‌ر هه‌نگه‌وانێك كه‌نده‌سمه‌ (ره‌نگاڵه‌) بكوژێت ده‌ستگیرى ده‌كه‌ین”.

ئه‌م په‌یامه‌، دواى ئه‌و داواكارییه‌ دێت كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌ك هه‌نگه‌وانى سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین روویان له‌ وه‌زیرى كشتوكاڵ كردبوو، رێگه‌یان بدات ئه‌م جۆره‌ باڵنده‌یه‌ قه‌ڵاچۆبكه‌ن، چونكه‌ ده‌ڵێن، زیانى زۆرى به‌ هه‌نگه‌كانیان گه‌یاندووه‌.

داوایان كردووه‌، وەکچۆن وه‌زیری كشتوكاڵ یارمەتی جوتیاران دەدات و رێگایان پێدەدات دەرمان بەکاربهێنن بۆ قەلاچۆکردنی پەپولە و سن و کولـلە و مێروەکان کاتێك زیان بەگەنم و جۆ و برنجه‌كانیان دەگەیەنن، ئاواش ئەو مافە بە هەنگەوانان بدات و بۆ چه‌ڵاچۆكردنیان.

كه‌نده‌سمه‌ یان ره‌نگاڵه‌، باڵندەیەکی کۆچەری جوان و قەشەنگە، ده‌ندوکێكی درێژ و خوارى هه‌یه‌، دوو شاپەڕی کلکی لەوانی تر درێژترن و بە پۆل دەگەڕێن، لە شوێنی بەرز ھەڵدەنیشن، لە ئێواراندا  ئاسمان پر لەدەنگی خۆی دەکات ئەو باڵندەیە میشخۆر و مێرولە خۆرە.

له‌ مانگى نیسانى هه‌موو ساڵێك له‌ وڵاتانى جیاجیاوه‌ كۆچ ده‌كه‌ن بۆ هه‌رێمی كوردستان، کە وەرزی چالاکی مێشەهەنگ و کاتی جوتبون و زیادکردنی هەنگە.

شۆڕش كاكه‌ فه‌تحوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى راپه‌ڕین به‌ 964ـى وت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌هه‌نگه‌وانانى سنووره‌كه‌ى نادرێت ئه‌م باڵنده‌یه‌ بگوژن.

وتیشی “باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگه‌وانان مێشه‌كانیان پارێزراو بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دووریان بخه‌نه‌وه‌ له‌هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى رووبه‌ڕووى هه‌نگه‌كانیان ده‌بنه‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌نگه‌وانه‌كان له‌ سنوورى ناحیه‌ى سه‌ركه‌پكان ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و جۆره‌ باڵنده‌یه‌یان كوشتبوو، به‌ڵام ده‌ڵێت “به‌دواى بكوژه‌كاندا گه‌ڕاین نه‌ماندۆزینه‌وه‌ ده‌نا هه‌ر ئه‌وكات ده‌ستگیرمان ده‌كردن”.

باس له‌وه‌شده‌كات كه‌ بكوژى ئه‌م باڵندانه‌ به‌پێی یاسایى پاراستنى ژینگه‌ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

بە پێی ماددەی 42 لە یاسای ژمارە (8ـی ساڵی 2008)ـى یاسای پاراستن و چاککرنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان سزاى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ داناوه‌ كه‌ راوى باڵنده‌ى كێوى ده‌كه‌ن و باڵنده‌كه‌ ده‌كوژن، سزاكه‌یان هه‌م پێبژاردنى مادی بۆ داناون‌ هه‌میش به‌ندكردنیان.

له‌سه‌ر راوكردنى چۆله‌كه‌ چوار کەس درانه‌ دادگا

له‌سه‌ر راوكردنى چۆله‌كه‌ چوار کەس درانه‌ دادگا