براکەى وا دەڵێت

“دەرباز یونس بێتاوان دەرچوو”

+964

پەری ساڵح

بەپێی ئەنجامی رووپێوی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، دەرباز یونس لە رووداوەکەی شەقڵاوە بێتاوان دەرچوو.

کەمێک پێش ئێستا، براکەی دەرباز یونس لە رێگای هەژماری دەرباز یونسەوە رایگەیاند، بەپێی ئەنجامەکەی رووپێوی پۆلیسی هاتوچۆ دەرباز بێتاوان دەرچوو.

بڕیارەکە دواى ئەوە هات، نزیکەی هەفتەیەک تێدەپەرێت بەسەر گواستنەوەى دەرباز یونس لە نەخۆشخانەوە بۆ گرتووخانەى هەولێر.

964، نەیتوانى لە لایەنى هاتووچۆ یان دادگاوە بگات بەو راستییەى کە ئایا دەرباز یونس بێتاوان دەرچووە یان نا، ئەوەى هەیە قسەى براکەیەتى کە لە هەژمارى دەرباز یونسەوە بڵاوى کردووەتەوە، تائێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ شتیکیان لەسەر ئەو بابەتە نەوتووە.

نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لەسەر رێگای شەقڵاوە، دەرباز یونس بە سەختی برینداربوو، دوای ماوەیەک مانەوەی لە نەخۆشخانە و ئەنجامدانی سێ نەشتەرگەری گواسترایەوە بۆ گرتووخانەی هەولێر.

لە رووداوەکەدا، باوک و کوڕێک لە ئۆتۆمبێلى بەرامبەر گیانیان لەدەستدا و لەو ئۆتۆمبێلەش کە دەرباز یونسى تێدا بووە، خۆیى و دوو کەسى دیکە بریندار بوون.