بەشێک لە گۆشتە بێ مۆرە دەستبەسەرداگیراوەکە - وێنە: پایجی ناحیەی عەربەت لە فەیسبووک
دەستیان بەسەر چیدا گرتووە؟
مانگی سێ لیژنەکەی ناحیەی عەربەت سەردانی 360 شوێنی کردووە
پێشەوا محەمەد
لیژنە تاقانەکەی ناحیەی عەربەت لە ماوەی 30 رۆژی مانگی سێدا سەردانی 360 دوکان و شوێنی بازرگانییان کردووە و دەستیان بەسەر 100 کیلۆگرام مادە و گۆشتی خراپبوودا گرتووە.
لەو ماوەیەدا شەش پسوڵەی سەرپێچی و پسوڵەیەکی ئاگادارکردنەوەیان کردووە و 40 کیلۆگرام گۆشتی بێ مۆر و 60 کیلۆگرام خواردنی بەسەرچوویان گرتووە.
لیژنەکە سەردانی سەرجەم دوکانی ساردەمەنی و شیرینی و عەرەبانە و سەیارەی گەڕۆک و و مارکێت و قەساب و نانەوا و فڕنی سەموون و دەلاکەکانی ناو بازاڕی عەربەتی سەروو و عەربەتی خواروویان کردووە.
دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە 964ـی راگەیاند، ئەوان یەک لیژنەیان هەیە ئەویش لیژنەی ئابووری و تەندروستییە و سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانییە.
وتیشی، “ئەو لیژنەیە پێش مانگی رەمەزان بە شێوەی بەرنامەی چەند رۆژ جارێک سەردانی بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکانی دەکرد، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا بەردەوام لە گەڕاندان و شەوانەش دوکان و بازاڕەکان بەسەردەکەنەوە”.
کیشەی ناحیەکە ئەوەیە خواردنی زۆر و بەتایبەت گۆشت لەسەر شەقام و شوێنی نەشیاو دەفرۆشرێت.
“بەردەوام چاومان لەسەر دەستگێڕ و گۆشتفرۆشەکانی سەرشەقامەکانە تا خواردنی خراپ نەدەن بە هاوڵاتیان”، دابان محەمەد وای وت.