بەردی بناغەیان دانرا

لە سێ گوندی زاخۆ سێ قوتابخانە دروست دەکرێن

 964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئەمڕۆ چوارشەممە 28.2.2024 بەردی بناغە بۆ سێ قوتابخانە لە سنووری ئیدارەی زاخۆ و لە ناحیەی رزگاری دانران، کە دوو لەو قوتابخانانە 12 پۆلی و ئەوەی دیکە شەش پۆلییە.

بە قەسەی ئیدارەی زاخۆ بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن تەواو دەبن و دەرگاکانیان بە رووی قوتابیاندا دەکرێتەوە.

ئەو گوندانەی قوتابخانەکانیان لێ دروست دەکرێت، پێکهاتوون لە دارهوزان، کانی رەهاڵ و سەڵکا، کە هەرسێکیان سەر بە ناحیەی رزگارین، دوای دروستکردنی رێگاوبانی ئەو گوندانە، ئیدارەی زاخۆ بڕیاری دروستکردنی سێ قوتابخانەی لەو گوندانە دەرکردووە.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ بە 964ـی وت، ئێستا گوندەکان روو لە ئاوەدانکردنەوەن و دەبینن لە جیاتی چوڵکردنی گوندەکان بە پێچەوانەوە خەڵکی گوندەکان لە زێدی خۆیان دەمێننەوە و ژیان لە گوندەکان بەردەوامی پێدەدەن، بۆیە پێویستە لە سەرجەم رووەکانەوە خزمەت بکرێن.

ئەدیب جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە 964ـی وت، خۆشبەختانە لە سنووری ناحیەکەیاندا قەیرانی قوتابخانەیان نییە، ئەوەشی کە دروستی دەکەن، تەنیا بۆ کەمکردنەوەی فشارە لەسەر قوتابخانەکانی دیکە.

لە ماوەی دوو ساڵدا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 11 قوتابخانە دروستکراون و 35ـیش نۆژەنکراونەتەوە و ئەمڕۆ بەردی بناغە بۆ سێ قوتابخانەی دیکەش دانران.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

هانی وەبەرهێنەران دەدرێت قوتابخانە دروست بکەن

هانی وەبەرهێنەران دەدرێت قوتابخانە دروست بکەن