سکاڵاکارەکان لە بەغدان
بۆ سکاڵای دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دادگای فیدڕاڵی کۆدەبێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ یەکشەممە 25.2.2024، دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەبارەى سکاڵایەک بۆ داوای دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی بێت، سکاڵاکە نۆ فەرمانبەرى هەرێمى کوردستان تۆماریان کردووە، لە دژی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان.
ناوەرۆکى سکاڵاکە بۆ هەڵوەشاندنەوەى راگرتنى پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانە، ئەو نۆ کەسەی سکاڵاکەیان تۆمارکردووە شەوی رابردوو لە بەغداوە، کورتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و هیوای ئەوەیان خواست دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی ئەوان بڕیار بدات.
لە ساڵى 2015ـەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى مەدەنى راگرتووە، هۆکارەکەى بۆ قەیرانى دارایی دەگەڕێنێتەوە، کە ئەوکات بەغداد بودجەى هەرێمى کوردستانى راگرت و 10 ساڵە کێشەکە چارەسەرنەکراوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە بڕیارێکی دا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبکرێت و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بۆ 100 کورسی کەمبکرێنەوە.