سێ رێگا و پردێك كێشه‌یان تێكه‌وت

سۆران به‌ زیانێكی كه‌م له‌ بارانه‌كانى ئه‌م دواییه‌ ده‌رچوو

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران له‌گه‌ڵ بارانه‌كانى چه‌ند رۆژى رابردوو بێ زیان نه‌بوو، به‌ڵام له‌چاو پارێزگا و ئیداره‌كانى دیكه‌ كه‌مترین زیانى به‌ركه‌وتووه‌، كه‌ به‌ قسه‌ى رێگاوبانى ئه‌م ئیداره‌یه‌ ته‌نیا پردێك و سێ رێگا كێشه‌یان بۆ دروستبووه‌.

بەپێى سۆراغى 964، بەهۆى ئەو شەپۆلى بارانبارینەى چەند رۆژى رابردوو هه‌رێمی كوردستانى گرته‌وه‌، هەشت پرد رووخاون و ژمارەیەک پردى دیکە و چه‌ندین رێگاى سه‌ره‌كى و لاوه‌كیش زیانیان پێگەیشتووە.

ئه‌ندازیار خوسره‌ت سادق، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى چاككردنى رێگاوبانى ئیداره‌ى سۆران به‌ 964ـى وت، به‌هۆى باران بارینه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ ته‌نیا سێ رێگا له‌ سنوورى بارزان و پردێكیش له‌سنوورى قه‌زاى سیده‌كان زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

وتیشی “سێ رێگاكه‌ى بارزان به‌شێكیان رووبه‌ڕووى تێكچوون و رۆچوون هاتوون و پرده‌كه‌ش كه‌ له‌ گوندى هه‌ره‌یسه‌یه‌ ئاو بردوویه‌تى”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، تێكچوونى هیچ یه‌كێك له‌رێگاكانى بارزان نه‌بووه‌ته‌ هۆى داخستنى رێگاكان، دیوارى رێگریان بۆ دروست ده‌كرێت و ئاسایی ده‌بنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پرده‌كه‌ى سیده‌كانیش پێویسته‌ له‌ نوێوه‌ له‌ شوێنى خۆى دروستبكرێته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رێگاوبان زیانه‌كانى ئه‌مجاره‌ى ئیداره‌ى سۆران له‌ پرد و رێگاوبانه‌كان به‌ 50 ملیۆن دینار مه‌زه‌ند كرد و وتیشی “تیمه‌كانمان به‌رده‌وام كارى چاككردنه‌وه‌ى ئه‌م شوێنانه‌ ده‌كه‌ن”.

له‌ كۆى 50 پرد له ‌سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر 42 دانه‌یان كه‌وتوونه‌ته‌ سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران و له‌ وه‌رزه‌ جیاجیاكاندا ماوه‌ ماوه‌ ئه‌م پردانه‌ كێشه‌ى جۆراوجۆریان بۆ دروست ده‌بێت، كه‌ به‌شێكیان كۆنكرێتین و به‌شێكی دیكه‌شیان به‌ ئاسن دروستكراون.

زۆرینه‌ى پرده‌كانى سۆران ته‌مه‌نیان زیاتر له‌ 70 ساڵه‌ و ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر رێگاى ستراتیژىی هامڵتۆن، كه‌ هه‌ولێر به‌ حاجی ئۆمه‌ران ده‌به‌ستێته‌وه‌.

"ئەم چەند رۆژە مەچن بۆ ناوچە گەشتیارییەکانى سۆران"