تەمەنی 60 ساڵە
تەرمی ژنێک لە سکری دهۆک دۆزرایەوە دایکی حەوت منداڵە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بەیانی ئەمرۆ تیمێکی بەرگری شارستانی لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە ئاگادار کراونەتەوە لەهەبوونی تەرمی ژنێک لە سکری دهۆک.
بێوار عەبدلعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک بە 964ی وت، “ئەمرۆ بەیانی کاتژمێر 9:30 ئاگادارکراینەوە و تیمێکی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنەکە، دەرکەوت ژنێکە و خنکاوە، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە”.
لەبەردەم پزیشکی دادی دهۆک ئامۆزای ژنەکە قسەی بۆ 964 کرد دەڵێت: ژنەکە تەمەنی نزیکەی 60 ساڵە و خێزاندارە و چوار کوڕ و و سێ کچی هەیە، نزیکەی سێ ساڵە دووچاری نەخۆشی دەروونی بووە، دوێنێ شەو کاتژمێر 8ی شەو لەماڵ چووتە دەرەوە کەوتووەتە ئاوی سکری دهۆک.
بەگوێرەی قسەی ئامۆزاکەی، “ئەو ژنە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ماڵەوە و کەس نەبووە، هێندە نەبێت چەند ساڵێکە کێشەی دەرونی تووشبووە”.
بۆ سەروسۆراغی هۆکاری رووداوەکە وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک دەڵێت، ئەو شوێنەی ژنەکەی لێ خنکاوە پێی دەوترێت سکری دهۆک وەک پاشکۆی بەنداوی دهۆکە و نزیکە لە شوێنی نیشتەجێبوون، شوێنێکی لێژە و ساڵی پاریش گەنجێک خلیسکی بردووە و کەوتووەتە ناو ئاوەکە، بۆیە تا ئێستا دڵنیانین ئایا ئەوەی روویداوە هۆکارەکەی چییە.
تابان فازڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی دهۆک بۆ 964 وتی، “تا پزیشکی داد ئەنجامەکان رانەگەیەنێت ناتوانین بزانین ئەو حاڵەتە چی بووە، بەڵام وەک ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە ئەو ژنە باری دەرونی تەواو نەبووە”.
سکری دهۆک بەنداوێکی بچووکە و وەک پاشکۆی بەنداوی گەورەی دهۆک دەناسرێت و نزیکە لە شوێنی نیشتەجێبوون و لە وەرزی هاوین خەڵکێکی زۆر وەک شوێنی گەشتیاری رووی تێدەکات.