سۆراغی 964
لە یەک ساڵدا دوو هەزار نەشتەرگەری گەدە لە دهۆک ئەنجامدراون
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەگوێرەی ئامارێکی تەندروستی دهۆک بێت، تەنیا لە ساڵی رابردوودا دوو هەزار هاوڵاتی نەشتەرگەری بچووککردنەوەی گەدەیان کردووە، پزیشکێک بە 964ی وت، “رۆژانە بەلایەنی کەم چوار نەشتەرگەری بچووککردنەوەی گەدە ئەنجام دەدەین”.
سۆراغی 964 ئەوەی دەرخست، نەشتەرگەریییەکە زیاتر لە دوو نەخۆشخانەی ئەهلی پارێزگاکە کراون، ئێستاش ئارەزوومەندانی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە کەمی نەکردووە، بەڵکو دوو جۆری نەشتەرگەریی بچووکردنەوەی گەدە دەکرێت ئەویش، “بچووککردنی گەدە و گۆڕینی رێڕەوی گەدە”.
سۆراغەکەی 964، ئەوەی ئاشکرا کرد، تەنیا لە یەکێک لەو نەخۆشخانە ئەهلیانە لە ساڵی 2023 نزیکەی 1550 نەشتەرگەری ئەنجام دراون.
د.ئەیاد ئەحمەد، پزیشکێکی تایبەتمەند بە نەشتەرگەری گشتی 964ـى وت، “نەشتەرگەری بچووککردنەوەی گەدە لە دهۆک رووی لە زیادبوون کردووە، رۆژانە بەلایەنی کەم تیمەکەمان چوار نەشتەرگەری ئەنجام دەدەن، جار هەبووە لە یەک رۆژدا 10 نەشتەرگەریمان کردووە”.
وتیشی، زیاتر لە شەش ساڵە لەگەڵ تیمێکی پزیشکی نەشتەرگەری گشتی کاردەکەین کە پێکهاتوون لە دوو پزیشک و چوار یاریدەدەر لە نەشتەرگەری بچووککردنەوەی گەدە.
بەقسەی ئەو پزیشکە، زیاتر لەو کەسانەی نەشتەرگەری دەکەن لە تەمەنی 35 ساڵ تا 70 ساڵن، هەروەها زیاتر ژنانن خواستیان لە بچووکردنەوەی گەدەیان هەیە، “زۆینەی نەخۆشەکان دوای نەشتەرگەری بچووکردنەوەی گەدە، نەخۆشی شەکر و فشارەی خوێنیان نامێنێت، بەڵام دەبێت بە بەردەوامی نەخۆشەکە ڤیتامینات بەرکابهێنێت”، د.ئەیاد ئەحمەد وای وت.
بەدوایداچوونێکی 964 لە نەخۆشخانەکان، لە ساڵانی رابردوو نەشتەرگەری بچووککردنەوەی گەدە لە نەخۆشخانەی حکومی ئەنجام دەدران، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێر و پێداویستی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە راگیرا، تەنیا لە پارێزگای دهۆک، دوو نەخۆشخانەی ئەهلی ئەو نەشتەرگەریە ئەنجام دەدەن، تێچووەکەشی چوار هەزار دۆلارە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا