لە قەزای سێمێل
کارگەیەکی دروستکردنی تووتنی نێرگەلە داخرا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
کارگەیەکی دروستکردنی تووتنی نێرگەلە لە ناحیەی فەیدی سەر بە قەزای سێمێل تووتنی بەسەرچووی کردووەتە قوتووەوە و لە بازاڕ ساغی کردووەتەوە، لیژنەکانی قایمقامییەت دەستیان بەسەردا گرتووە و دایانخستووە.
لیژنەکانی قایمقامیەتی قەزای سێمێل ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.2.2024 سەردانی ئەو کارگەیەیان کردووە و ئەو فێڵەیان بینیوە کە لەو کارگەیە دەکرێت.
لە کاتی سەردانی لیژنەکەدا، هەزار و 200 کیلۆگرام تووتنی نێرگەلەی بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە.
شاسوار عارف محەمەد، بەرپرسی چاودیریی بازرگانی لە قایمقامیەتی قەزای سێمێل بە 964ـی وت، “کارگەکە تووتنی نێرگەلەی بەسەرچووی دەکردە قوتووەکانی خۆی و بە بەرواری نوێوە لە بازاڕدا ساغیان دەکردەوە”.
وتیشی، “کارگەکەمان داخستووە و سزای مادی دەدرێت و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی دەکرێت، ئەم کارگاییە داخرا و سزایەکی ماددی قورسیشی بۆ دەسەپێندرێت و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەل هەموو کارمەندان و خاوەن کارگاکە دەکرێت”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد