61 فەرمانبەری پێویستە

ساڵێک و پێنج مانگە فەرمانگەی ژینگەی سۆران تەنیا بەڕێوەبەری هەیە

پێشەوا محەمەد

لە مانگی نۆی ساڵی 2022ـەوە فەرمانگەی ژینگەی سۆران فەرمانی دامەزراندنی هەیە، بەڵام تا ئێستا تەنیا بەڕێوەبەری هەیە.

بەڕێوەبەرەکە داوای دامەزراندنی 61 فەرمانبەر و کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ فەرمانگەکە و دابینکردنی نەسریەی کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچیان نەکراون.

هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی راگەیاند، نازانن بۆچی فەرمانبەریان بۆ دانامەزرێنن، چونکە سنوورەکەیان زۆر چالاکیی ژینگەیی تێدایە و شوێنێکی گەشتیاریشە.

بۆ دامەزراندن لەو فەرمانگەیە ساڵێک زیاترە بە ئۆنلاین لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران فۆڕم پڕکراوەتەوە.

“من هەر خۆم و بینایەکەین و واش چالاکیی ئەنجام دەدەین، ساڵی رابردوو چەندان چالاکیی جۆراوجۆرمان هەبووە و 18 پڕۆژەشم بۆ مۆڵەت ناردووەتە هەولێر”، ئەوەش قسەی هەژار ماهیرە.

هاوڵاتیانی ئیدارەکە ئەگەر بێت و هەر کارێکیان لەو فەرمانگەیە هەبێت، دەبێت بچنە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر.

هەژار ماهیر وتیشی، “ئێمە شەش قەزای دیکەشمان لەسەرە، ئەگەر فەرمانگەکە فەرمانبەرەکانی بۆ دابمەزرێندرێت، ئەوا کارئاسانیی زۆر بۆ کاروباری هاوڵاتیان و پڕۆژەکان دەکرێت و پێویست ناکات بچنە هەولێر”.