هەرکەسێ هەمنشینی چا نەبێ پێت چانەبێ
+964
هونەر فارس- کەلار
حەریقی شاعیر لەوەسفی گرنگی چا دا وتوویەتی: نەمدیوە تاڵ و شیرین پێکەوە چابێ چا نەبێ… هەرکەسێ هەمنشینی چا نەبێ پێت چا نەبێ.
لەوە دەچێ محەمەدی کەلار وەک حەریق کەیفی بە چا بێت، ماوەی نۆ ساڵە لە نێو بازاڕی كەلار بە دەسگێر چا دەفرۆشێت و هاوڵاتیان زۆر رازین لە چایەكەی
محەمەد عەبدوڵای تەمەن 37ساڵ، هاوڵاتییەکی گوندی ساڵئاغای سەر بە شاری کەلارە و ماوەی نۆ ساڵە لە بازاڕی كەلاردا چای دەفرۆشێت و بژێوی ژیانی خۆی پەیدا دەكات.
بە کوڵەباڵ و خەنجەر و جلە کوردییەکەی بەرییەوە سیمایەکی ئێجگار کوردەوارییانەی پێوەدیارەو بووەتە جێی سەرنجی خەڵک و رێبوارو گەشتیاران، جگە لە خۆیشی دوکانەکەشی بە کەرەستەی کۆنی کوردەواری رازاندووەتەوە
هەر کە دێیتە دوکان، دوای ئاماکردنی سینیە چاکەی، لەبەر ئاوێنەکەدا مشکی و ڕەزنە و کوڵەکەی رێکدەخات و دەچێتە دەرەوە بۆ بەتاڵکردنی قۆرییە چاکانی بەسەر مشتەرییەکانیدا.
سەرباری حەز و خولیای بۆ ئیشەکەی بەڵام نیگەرانە لە بەرزبوونەوەی دۆلار و دەڵێت: هەموو شتێکمان گران بووە، جاران کیلۆی شەکر بە 500 دینار بوو، ئێستا بووەتە هەزار و 250، هەروەها تۆ چای کیلۆی بە سێ هەزار بوو کەچی ئێستا بووەتە چوار هەزار و 500 دینارە، جگە لە شتەکانی دیکەش.