چەک تۆمارکردن لە گەرمیان دەستی پێکرد

+964

هونەر فارس- كەلار

پۆلیسی گەرمیان سێ بنکەی تەرخان کردووە بۆ تۆمارکردنی چەکی ماڵان، بەڵام هەفتەیەک بەسەر بڕیارەکە وەزارەتی ناوخۆ تێدەپەڕێت هیچ کەسێک چەکەکەی تۆمار نەکردووە.
هەفتەی رابردوو، لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: هەر كەسێك چەكی لە ماڵەوە هەیە، با سەردانی بنکەکانی پۆلیس بکات بۆ تۆمار کردنی و، دەتوانێت چەکەکەی لە ماڵەو بیپارێزێت و دەستی بەسەردا ناگیرێت.

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، هەریەکە لە بنکەکانی مەیدان، بنکەی شەهیدان لە قەزای کەلار و بنکەی پۆلیسی کفری دەستنیشانکراوە تاوەکو هاوڵاتیان سەردانیان بکەن بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان.

عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە لێدوانێكیدا بۆ +964 رایگەیاند: کاتی تۆمارکردنی چەک پێویستە هاوڵاتی چەکەکەی و ناسنامەیەک بۆ تۆمارکردن لەگەڵ خۆی بباتە ئەو بنکانە کە بۆی دیاریکراوە، دواتر لەرێگەی فۆڕمێکەوە ناو و ناونیشانی هاوڵاتیەکە تۆماردەکرێت و بەسەلامەتی چەکەکەی دەهێنێتەوە ماڵەوە.

تەنها چەكی كڵاشینكۆف و دەمانچە تۆمار دەكرێت.

هەڵمەتەكەی پۆلیسی گەرمیان، شەش مانگ بەردەوام دەبێت لەپاش ئەو ماوەیە چەك لە هەركەس بگیردرێت سزا دەدرێت دەست بەسەر چەكەكەیدا دەگیرێت. بەگوێرەی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022، هەر کەس بەبێ مۆڵەت چەک هەڵبگرێت، ئەوا بەند دەکرێت کە ماوەکەی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامە دەکرێت بە بڕێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت