بەنزینەکەیان خراپ بووە
لە کۆیە سێ بەنزینخانە سزا دران
964+
پێشەوا محەمەد
قایقامیەتی قەزای کۆیە بە هۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەکەیانەوە، سێ بەنزینخانەی بە بڕی چوار ملیۆن و 200 ملیۆن دینار سزادا.
قایمقامیەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 20.12.2023 بڵاوی کردووەتەوە، لیژنەی تایبەتمەند بە بەنزینخانەکان نموونەی بەنزینی ئەو سێ بەنزینخانەی رەوانەی تاقیگە کردووە لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کوالێتیی بەنزینەکەیان خراپ بووە.
قایمقایەتەکە بەنزینخانەی رێگای لە ناحیەی ئاشتی بە بڕی دوو ملیۆن دینار سزا داوە و بەنزینخانەی ئاشتی بە بڕی 700 هەزار دینار سزا داوە و بەنزینخانەی زاناش، کە لە دەشتی کۆیەیە بە بڕی ملیۆنێک و 500 هەزار دینار سزا داوە.
تارق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، زۆر بە وردی چاودێریی بەنزینخانەکان دەکەن و سەرپێچی لە هیچیان قبووڵ ناکرێت، چونکە ناکرێت بەنزینی خراپ بە نرخی بەنزینی کوالێتی باش بە هاوڵاتیان بفرۆشن و زیانیشیان پێبگەیەنن.
وتیشی، “ئێستا ئامارێکی دیاریکراوم لەبەردەست نییە، بەڵام رۆژانە بەنزینخانە سزا دەدرێن و ناچار بە جێبەجێکردنی رێنمایی و هێنانی بەنزینی کوالێتی باش دەکرێن”.