منداڵەکانیشی فێربوون
مام جەوهەر خانویەکی بۆ کڵاوکڵاوێن دروستکردووە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە دەشتی پیرداود، مام جەوهەر ئەوەندە تامەزرۆی یارییەکەیە خانوویەکی تایبەتی بە کڵاوکڵاوێن دروستکردووە، یاری كەرەمستانێ یان كڵاوكلاوێن، یارییەكی کۆنی کوردییە و مێژووی لەگەڵ زۆرینەی جیلەکان هەیە.
ئێستا نەک خۆی منداڵەکانیشی لێی دەزانن.
تیم بە تیم بۆی دادەنیشن، مستیلە یان دراو لەناو هەشت كڵاو یان زیاتر دەشارنەوە، کەسێک سەرپەرشتییان دەکات و ناوی دەنێن “وەستا”.
جەوهەر پیرداود، خەڵكی گوندی پیرداودە لە هەولێر خولیایەكی زۆری هەیە بۆ یارییەكە، تەنانەت خانوویەکی بە دەستووری کۆن دروستکردووە و تایبەتی کردووە بە یارییەکە، کە وەک خۆی دەڵێت، “زیاتر لە 35ساڵە کڵاوکڵاوێن دەكات”.
جەوهەر تیپی خۆی هەیە، منداڵەكانیشی فێری ئەو یارییە کردووە، ئەو وتی، “جاران لەدوای تەواوبوونی یارییەكە مریشكی خۆمانە و عەلەشیش ئامادە دەكرا، شەوانی درێژی زستانمان بەم یارییە فۆلكلۆرییانە بەسەر دەبرد”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا