چاوه‌ڕێی لینكی ناوه‌كان بكه‌ن

نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كه‌س له‌ كوردستانه‌وه‌ حه‌جیان به‌ نیسیب دەبێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16.12.2023 تیروپشك بۆ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ كرا، كه‌ بڕیاره‌ له‌ وه‌رزی نوێی حه‌جدا گه‌شتی ماڵی خوا بكه‌ن له‌ سعودیه‌.

تیروپشكه‌كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌ج و عومره‌ له‌ هه‌ولێر كرا و تێیدا شێخ نیاز نه‌قشبه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، لە کۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا وتی، ئەمساڵ بە ناوی یەدەگەکانیشەوە کە ساڵانی پێشتر داواکارییان پێشکەشکردبوو، 121 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ حەج داواکارییان پێشکەش کردبوو، لەو ژمارەیە ناوی زیاتر لە چوار هەزار کەس دەردەچێت بۆ ئەوەی ئەمساڵ فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن.

وتیشی: “ئەو کەسانەی ئەمساڵ ناویان دەردەچێت تەنیا بۆ یەک ساڵە و وەک یەدەگ نامێننەوە، چونکە ساڵی داهاتوو پێشکەشکردنی ناوی حاجیان دەبێتە ئۆنلاین”.

له‌ تیروپشكه‌كه‌دا چوار هەزار 685 کەس لە هەرێمی کوردستان ناویان راكێشرا، کە بڕیاره‌ ئەم ژمارەیە وەک پشکی هەرێمی کوردستان گه‌شتی حه‌ج بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌ریزه‌ی حه‌ج.

بڕیاره‌ له‌ رێگه‌ی لینكێكه‌وه‌، ناوی ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ رابگه‌یه‌ندرێت، كه‌ له‌ تیروپشكه‌كه‌دا ده‌رچوون و سه‌فه‌ری حه‌جیان به‌ نیسیب ده‌بێت.