پۆستەری راگەیاندنی رێکخراوەکە - وێنە: رێکخراوی داون سیندرۆم
"مافەکانیان بەدەستدەهێنین"
یەکەم رێکخراوی تایبەت بە داون سیندرۆم دامەزرا
964+
پێشەوا محەمەد
رێکخراوی (داون سیندرۆم) تایبەت بەو کەسانەی ئەو حاڵەتەیان هەیە لە هەرێمی کوردستان دامەزرا و ئۆفیسی سەرەکاییان لە سلێمانییە، بەرپرسێکی رێکخراوەکە دەڵێت، خۆبەخشانە کاردەکەن.
رێکخراوەکە دوێنێ سێشەممە 12.12.2023 دامەزراندنی خۆی راگەیاند و مۆڵەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
ئامانج عەبدوڵا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی رێکخراوەکە بە 964ـی راگەیاند، رێکخراوەکە کار بۆ بەدەستهێنانی مافی هەموو حاڵەتەکانی داون سیندرۆم دەکات لە کوردستان، بەتایبەت لە پرسی خوێندن و پەروەردە و داهاتوویاندا.
وتیشی، “ئامانجمان رووپێوییە بۆ ئەو نەخۆشانە لە کوردستان و دواتر رەخساندنی زەمینەیەکی پەروەردەیی و پیشەیی بۆیان تا بتوانن لە تەمەنی گەورەتردا سوودی لێببینن”.
بەپێی وتەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی رێکخراوەکە، هێشتا نازانرێت بەدروستی ژمارەی ئەوانەی هەڵگری ئەم حاڵەتەن لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان چەندە، بەڵام چەند هەزار کەسێک دەبن.
حاڵەتی داون سیندرۆم کێشەیەکە پەیوەندیی بە کرۆمۆسۆمەکانەوە هەیە، کرۆمۆسۆمی ژمارە 21 لە کاتی دابەشبووندا لەبری دوو بەش دەبێتە سێ بەش، بۆیە بە گشتی ئەوانەی داون سیندرۆم لەبری 46 کرۆمۆسۆم کە لە جووتبوونی دایک و باوکەوە وەریدەگرن، دەبنە خاوەنی 47 کرۆمۆسۆم، ئەمەش شێوانێکی ئاڵۆز هەندێ جار لە جەستە و هەندێ جار لە مێشکدا دروست دەکات.
“رێخکراوەکە لە لایەن کەسوکاری ئەوانەی هەڵگری حاڵەتەکەن و چەند کەسێکی دیکەی خۆبەخشەوە دامەزراوە”، ئەوەش قسەی ئامانج عەبدوڵایە.