نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر

رێگای چوونە ناو سێبیران داخراوە

+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە 13.12.2023 رێگای مەفرەقی سێبیران داخراوە، دانیشتووانی کۆمەڵگاکەش ناتوانن بچنە ناو کۆمەڵگاکەیان.

لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە، کە هێزی ئەمنی لە مەفرەقی کۆمەڵگای سێبیران هەن و رێگە بە هاوڵاتیانی ئەو شوێنە نادرێت بچنەوە ناوی.

لەسەر ئەم بابەتە چەند هاوڵاتییەکی سێبیران بە 964 یان وت، “چەند مانگێکە دوو هەفتەجارێک رێگەکەمان دادەخرێت، لە بەیانیانەوە تا دوای کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ، ئەمڕۆکەش پێیان وتین، تا کاتژمێر یەک ناتوانن بەم رێگەیەدا بچن، ناچار رێگایەکی دوورتر بگرینەبەر”.

وەک خۆیان باسی دەکەن، هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناو فڕۆکەخانە خەریکی مەشق و راهێنانی سیستمی دژەمووشه‌کن ، ئەمەش هۆکاری سەرەکی داخستنی رێگایەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ، موقه‌دەم ئەردەلان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر، بە 964ی وت، ئاگاداری هیچ بابەتێکی وەهانین و زانیارییان نییە، لەسەر ئەم بابەتە رێگاکە داخرابێت.

کۆمەڵگای سێبیران نزیکە لە سنووری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە کاتی بیستنی هەر دەنگێکی بەهێز و هێرشێک بۆ سەر سنووری فڕۆکەخانەکە هاوڵاتیانی کۆمەڵگاکە بە ئاسانی گوێبیستی دەبن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا