چەکی هەمیشە سوار
هەموو ئەوانەی کەمئەندام دەبن بەهۆی یەک بەڵاوەیە
964+
ژووری هەواڵ
لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا بەنزیکەیی هەموو ئەو کەسانەی لە یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان ناویان تۆمارکراوە ئەوانەن کە بە رووداوی هاتوچۆ پەکیان کەوتووە یان پەلێکیان لەدەستداوە.
لەلای نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 19ی نۆڤەمبەر کراوە بە رۆژی قوربانیانی هاتوچۆ، لەو رۆژەوە تائێستا هەفتە زیاترە پەیامنێری 964 لەسلێمانی ئەمسەرو ئەوسەریەتی و لەبارودۆخی رووداوەکانی هاتوچۆ دەکۆڵێتەوە، زانیاری سەیر و شۆکهێنەری دەستکەوت، سەیرترینیان دوان بوون، یەکێکیان ئەوەیە کە %99.99ی ئەوانەی ئێستا بە کەمئەندام تۆمار دەکرێن ئەوانەن کە تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن، دووەمیشیان ئەوە بوو کە ساڵانە زیانە داراییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ تەنیا لە سلێمانی دەگاتە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار.
سامان حسێن سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستانە، هەرکەسێک ببێتە خاوەن پێداویستی تایبەت لای ئەوان ناوی تۆمار دەکرێت، سامان بە 964 وت: “بە نزیکەیی کۆی ئەو کەمئەندامە نوێیانەی تۆمار دەکرێن، هۆکارەکەی رووداوی هاتوچۆیە، بە دەگمەن بە رووداوی دیکە کەمئەندام دەبن… دەتوانم بڵێم %99.99ی ئەو ئەندامە نوێیانەی تۆمار دەکرێن بە رووداوی هاتوچۆ کەمئەندام بوون”.
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی سلێمانیدا زیانە داراییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی رووداوەکانی هاتوچۆ لێکدراوەتەوە، مەزەندە دەکرێت ساڵانە تەنیا لەسلێمانی زیانە داراییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ بگاتە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار.
یونس عەلی پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆی سلێمانی بە 964ی وت ”تەنیا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی 2003 هەتا 2019، بە رێژەی 13٪ تێچووی رووداوەکان زیادیان کردووە، مەزەندە دەکرێت ساڵانە زیانەکان لە نێوان هەشت بۆ 10 ملیۆن دۆلار بێت”.
ئەمساڵ وەک هەموو ساڵەکانی تر قوربانییەکانی هاتوچۆ زۆربوون، ئەوەی تەنیا لای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی تۆمارکراوە لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا لە پارێزگای سلێمانی 791 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە.
بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت ”لەناو ئەو رووداوانە 116 کەس گیانیان لەدەستداوەو 2924 بریندار بوون”.