پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی _ وێنە: 964
ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت
لە 20 وڵاتەوە بۆ پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب هاتوونەتە سلێمانی
ئەحمەد مستەفا
پێنج رۆژی دیکە لە سلێمانی پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ کتێب بە بەشداری 20 وڵات دەکرێتەوە.
رۆژی 23.11.2023 پێشانگاکە بەرووی کڕیاران دەکرێتەوە و بڕیارە 10 رۆژ بەردەوام بێت و رۆژی 2.12.2023 کۆتا رۆژی دەبێت.
ئەمجارە زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە، لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە سلێمانی.
ئەمڕۆ شەممە حەسەن رەحیم، رێکخەری پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، پێشانگاکە ملیۆنان کتێب و ناونیشانی تێدایە.
لە پێشانگەکەدا، ئەو ناونیشانانەی لەگەڵ رێنماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکنەگرنەوە، تایبەت ئەو بابەتانەی توندوتیژی خێزانی، ئاینی، نەتەوەیی، کلتوری و سیاسییان هەبێت رێگە بە نمایشکردنی نادرێت، بڕیاریش وایە، جگە لە پێشانگەی کتێب هیچ جۆرە فێستیڤاڵێک لە پێشانگەکەدا بەڕێوەنەچێت.
پێشانگەکە رۆژانە کاتژمێر 9:00ی بەیانی بۆ 6:00ی ئێوارە کراوە دەبێت، بەوتەی حەسەن رەحیم بێت، “پاس لە ناوەندی سلێمانی و دەرەوە دابینکراوە بۆ ئەو هاوڵاتی و سەردانکەرانەی دەیانەوێت سەردانی پێشانگەکە بکەن، کە بنکەی سەرەکییان لە سلێمانی بەردەم باخی گشتی دەبێت لە سەرەتای شەقامی سالم”.