تەنیا کوالێتیەکەی دادەبەزێت
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان: یونسکۆ ناتوانێت پرۆسەی خوێندن پەکبخات
964+
توانا نەقی
دوای ئەوەی نزیکەی دوومانگە بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خوێندنی تیادا نەکراوە بەهۆی بایکۆتی مامۆستیانەوە، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، یونسکۆ پرۆسەی خوێندن پەکناخات.
ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستا قسەی بۆ 964 کرد و وتی، یونسکۆ ناتوانێت پرۆسەی خوێندن پەکبخات، تەنیا هۆشداری دەدات و دەتوانێت لە ریزبەندی لە رووی کوالێتی پەروەردەوە بهێنێتە خوارەوە.
وتیشی، ریزبەندێکەش تەنیا ئەگەر بیکات بۆ سنووری ئەو پارێزگاییەیە کە خوێندنی لێ راوەستاوە و دەرگای قوتابخانەکانی داخراوە.
سبەینێ 13.11.2023 دەبێتە دوومانگی رێک کە زەنگی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لێدرا، بەڵام بەهۆی نارەزایەتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە قەزا و ناحییەکانییەوە تا ئێستا دەوام نەکراوە و نازاندرێت کەی دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە.
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت کێشەی مامۆستایان و موچەکانیان چەرەسەر بکرێت بۆ ئەوەی خوێندن دەستپێبکاتەوە و کوالێتی پەروەردەش خراپ نەبێت و لە ریزبەندی پەروەردەی جهانیش ئەوەندە دانەبەزێت.